وێنە.. سابیئەی مەندائییەکانی بەغداد ئاهەنگ بە جەژنی برۆنایا دەگێڕن

سابیئەییەکان خۆیان بە رەگوریشەی یەکتا پەرستی دادەنێن، ئادەم یەکەم پێغەمبەریانە، دوای ئەوە شیت پێغەمبەری کوڕی دێت، کە پێگەیەکی گەورەی هەیە لەلای پەیڕەوانی ئەو مەزهەبە، کۆمەڵێک دابونەریتی تایبەت بەخۆیان هەیە، کە بەشێکی زۆریان بە نهێنی هێشتووەتەوە و لەگەڵ کەسانی دەرەوەی مەزهەبی خۆیاندا هاوبەشی ناکەن.

سابیئە مەندائی مەزهەبەکان لە عێراق و کوردستان و هەموو جیهاندا، ئاهەنگ بە جەژنی ئافراندن برۆنایا دەگێڕن، کە گرنگترین جەژنی مەندائییەکانە و ماوەی پێنج رۆژ دەخایەنێت.

بەم بۆنەیەشەوە، مەندائییە مەزهەبەکان، چەندین رێورەسم لە کەنار رووباری دیجلەدا بەجێدەگەیەنن، نوێژی بەیانی دەکەن، مەعمودییەت لە ئاودا ئەنجام دەدەن، قوربانی سەردەبڕن و هاوکاریی کەمدەرامەتەکان دەکەن.

نیشتمانی سابیئە مەندائییەکان، عێراق یان میزۆپۆتامیایە، لەناو عێراقدا بە "سەبە" باودەبرێن، کە لە وشەی "سەبا"ـەوە هاتووە بەمانای چوونەئاوەوە، پەیڕەوانی ئەم مەزهەبە لە نزیک کەناراوەکانی رووباری دیجلە دەژین، بەشێکن لە دانیشتووانە یەکەمەکانی عێراق، لەو ئاینە کەمینانەن کە تاوەکو ئێستا بەردەوامن لەسەر دابونەریتی ئاینی خۆیان.

بەهۆی تێکەڵاونەبوونیان بە مەزهەب و ئاینەکانی دیکە، مەندائییەکان پارێزگارییان لە شاراوەیی دابونەریتەکانیان کردووە، ئەمەش وایکردووە چەندین لێکدانەوە لەبارەیانەوە دروست بکرێت، بەڵام ئەوان هەردەم جەخت لەوە دەکەنەوە کە بڕوایان بە یەکتاپەرستی خودای دروستکەری زەوی و ئاسمانەکان هەیە.