سەرۆکی میت و وەزیرانی دەرەوە و بەرگریی تورکیا گەیشتنە بەغداد

وەزیرانى دەرەوە و بەرگریى تورکیا و سەرۆکى دەزگاى هەواڵگریى ئەو وڵاتە، گەیشتنە بەغداد و بڕیارە چەند کۆبوونەوەیەک لەگەڵ بەرپرسانى عێراق ئەنجامبدەن.

بەگوێرەى زانیارییەکانى کەناڵ8، پاشنیوەڕۆى ئەمڕۆ پێنجشەممە 14ـى ئازارى 2024، هاکان فیدان، وەزیری دەرەوە و یەشار گویلەر، وەزیری بەرگریی تورکیا و ئیبراهیم کاڵن، سەرۆکی دەزگای هەواڵگریی نیشتمانیی تورکیا (میت) گەیشتنە بەغداد.

سەردانیکردنى ئەو بەرپرسە باڵایانەى تورکیا، بۆ بەشداریکردنە لە لوتکەی ئەمنیی نێوان عێراق و تورکیا، کە فوئاد حسێن، وەزیرى دەرەوەى عێراق میوانداریى دەکات و لەشارى بەغداد بەڕێوەدەچێت.

پێشتریش وەزارەتى بەرگریی تورکیا لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەى بەوەکردبوو، لە کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆى شاندى تورکیا و عێراق باس لە هەماهەنگى سەربازیى و ئەمنیی هەردوولا دەکرێت، تەوەرێکى دیکەش بەرەوپێشبردنى هەماهەنگییەکانی هەردوولایە "بۆ رووبەڕووبونەوەى پارتی کرێکارانی کوردستان لە هەرێمی کوردستان".

باس لەوەشکرابوو، بابەتێکی دیکەی لوتکەکە گفتوگۆکردنە لەبارەی پاراستنى ئاسایشى سنوورەکانى نێوان هەردوو وڵات، هەروەها باسی بابەتی وزەش دەکرێت.