500 لێپرسراوی پێشووی ئیسرائیل: قەیرانی مرۆیی غەززە ئاسایشی وڵاتەکەمان دەخاتە مەترسییەوە

هاوڵاتیانى کەرتى غەززە، لەمانگى رەمەزاندا و لەناو پاشماوەى تەلار و خانووە رووخاوەکاندا، سەرقاڵى کڕین و فرۆشتنن. فۆتۆ: AP

لە پەیامێکدا کە میدیاکان بڵاویانکردووەتەوە، زیاتر لە 500 لێپرسراوی ئەمنی پێشوو و گەورە ژەنراڵی ئیسرائیلی، هۆشدارییانداوەتە حکومەتی جەنگیی وڵاتەکەیان، سەبارەت بە کاریگەریی قەیرانی مرۆیی غەززە لەسەر داهاتووی ئاسایشی ئیسرائیل.

لەکاتێکدا هیچ ئاسۆیەکی روون بەدیناکرێت بۆ راگەیاندنی ئاگربەست و گەیاندنی کۆمەکی مرۆیی پێویست بە کەرتی غەززە، 500 لێپرسراوی سیاسی و سەربازیی ئیسرائیل کە بەرپرسی هەواڵگریی و پۆلیس و سوپای ئەو وڵاتەیان تێدایە، پەیامێکی هۆشدارییان داوەتە بنیامین نەتانیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل و کابینەی حکومەتی جەنگیی وڵاتەکەیان.

ئەو لێپرسراوانە لە پەیامەکەیاندا جەختیانکردووەتەوە، بەهۆی سیاسەتەکانی حکومەتی ئێستای ئیسرائیلەوە، مەترسی گەورە لەسەر دەوڵەتی ئیسرائیل و بەرژەوەندییە ستراتیجییەکانی دروستبووە.

پەیامەکە هۆشداریی ئەوەشی داوە، قەیرانی مرۆیی کەرتی غەززە لەسەر لێواری کارەساتێکی مرۆییە و بووەتە مەترسی لەسەر بەرژەوەندییە ستراتجییەکانی ئیسرائیل و کەمبوونەوەی هاوسۆزیی هاوپەیمانی لەسەر ئاستی جیهان.

ئەو 500 کەسایەتییە، کە چوار کەسیان بەڕێوەبەری مۆساد و دەزگای ئاسایشی ناوخۆیی ئیسرائیلن، داوایان لە حکومەتی وڵاتەکەیان کردووە، پێداچوونەوە بکات بەشێوازی کارکردنی خۆی و دوورکەوێتەوە لە بەربەرەکانێی دۆستەکان، سەبارەت بە گەیاندنی کۆمەکە مرۆییەکان.

هۆشداریی ئەو کەسایەتییانە لەکاتێکدایە، کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بە گەرمی داوای لابردنی کۆتوبەندەکانی ئیسرائیل دەکەن، بۆ گەیاندنی کۆمەکە مرۆییەکان بە کەرتی غەززە، بۆ ئەوەی رێگەخۆشکەربێت بۆ راگەیاندنی ئاگربەست و ئاڵۆگۆڕکردنی بارمتە و زیندانییەکانى لای حەماس و ئیسرائیل.