چالاکییەکی هونەریی بۆ مستەفا دادار موکری بەڕێوەچوو
لە سۆران، بە ئامادەیی دەیان کەس، چالاکییەکی هونەریی بۆ مستەفا دادار موکری، هونەرمەندی ناوداری کورد سازکرا.
بەڕێوەبەرایەتی رۆشنبیری و هونەری سۆران، بە سەرپەرشتی ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، چالاکییەکی هونەری بۆ هونەرمەندی ناوداری کورد (مستەفا دادار ) سازکرا.
چالاکییەکە بە ناونیشانی "مەترسیی شاڵاوی توانەوەی کولتوور و موزیکی کوردی" لە هۆڵی بەڕێوەبەرایەتی رۆشنبیری و هونەری سۆران بەڕێوەچوو.
هەر لەبارەی ئەو شاڵاوە کولتوورییانەی بەتایبەت لە وڵاتانی دراوسێوە رووبەڕووی هونەری کوردی دەبنەوە، مستەفا دادار بە کەناڵ هەشتی راگەیاند، نەبوونی گیانی سیاسی و دەوڵەت هۆکارن بۆ ئەو داگیرکارییە کولتوورییە.
هەر لە کۆڕەکە بە هاوشانی چەندین موزیکژەن و لە نێویشیاندا هونەرمەندی دیار سەید ئەحمەد رەواندزی، چەند گۆرانییەک پێشکەشکران.
مستەفا حسێن لاسوور دادار، ناسراو بە مستەفا دادار موکری، ساڵی 1960 لە شاری مەهابادری رۆژهەڵاتی کوردستان لەدایکبووە، دادار بە هونەری بەرگری و سروودە نەتەوەییەکان دەناسرێتەوە، چەند مانگی رابردووش نوێترین ئەلبوومی بەناوی ژن لە شاری سلێمانی لە مەراسیمێکدا بڵاوکردەوە.