بافڵ جەلال تاڵەبانی: هەڵبژاردنی ئەمجارە شێوازی حوکمڕانی لە هەرێمی کوردستان دەگۆڕێت

بافڵ تاڵەبانی و کونسوڵی گشتیی فەڕەنسا لە هەرێمی کوردستان فۆتۆ: پەیجی فەرمیی سەرۆکی یەکێتی

سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان رایگەیاند، "هەڵبژاردنی ئەمجارە جیاوازتر و دیموكراسیتر دەبێت و سەرەتایەکی گرنگە بۆ گۆڕانکاری لە شێوازی حوکمڕانی لە هەرێمی کوردستان".

ئەمڕۆ شەممە، 16ی ئازاری 2024، بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە دەباشان لەگەڵ یان برێم، کونسوڵی گشتیی فەڕەنسا لە هەرێمی کوردستان کۆبووەتەوە و بەگوێرەی راگەیەندراوی کۆبوونەوەکە "گۆڕانكارییە سیاسییەكان، هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان و كێشەكانی نێوان هەولێر و بەغدا" گفتوگۆیان لەبارەوەکراوە.

لە کۆبوونەوەکەدا بافڵ جەلال تاڵەبانی "پەرۆشیی یەكێتیی نیشتمانیی کوردستانی بۆ چارەسەری یەكجارەكیی كێشەكان و گەیشتن بە ئەنجامێكی ئەرێنی بۆ كۆی پرسەكان دووپاتكردەوە".

سەرۆکی یەکێتی گوتووشییەتی، "نابێت ژیانی خەڵك و سەقامگیریی وڵات تێكەڵی ململانێ سیاسییەكان بكرێن، دەبێت هەموولایەك بەرامبەر ژیان و گوزەرانی هاوڵاتییان بەرپرسیاربن و هەوڵەكان لەچوارچێوەی بەدیهێنانی داهاتوویەكی سەقامگیرتربێت نەك قووڵكردنەوەی ناكۆكییەكان".

لەبارەی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن لە هەرێمی کوردستان، بافڵ جەلال تاڵەبانی باسی لەوەکردووە، "هەڵبژاردنی ئەمجارە جیاوازتر و دیموكراسیتر دەبێت و هەمووان نوێنەری راستەقینەی خۆیان هەڵدەبژێرن".

وەکو سەرۆکی یەکێتی دەڵێت، "ئەمەش سەرەتایەكی گرنگە بۆ گۆڕانكاری لە شێوازی حوكمڕانی و بەهێزتركردنی هەرێمی كوردستان".