پاڵەوانێتی ئێڵڤس پرێسڵی لە بەریتانیا بەڕێوەدەچێت

لە وڵاتی بەریتانیا، بەمەبەستی ستایشکردن و یادکردنەوەی هونەرمەندی گۆرانیبێژ و ئەکتەری دیاری ئەمریکا، ئێڵڤس پرێسڵی، کێبڕکێیەکی هونەریی بۆ نمایشی دیارترین چاولێکەرییەکانی ئەم هونەرمەندە بەڕێوەدەچێت.

بەمەبەستی کۆکردنەوەی سەرسەختترین هەوادارەکانی هونەرمەندی گۆرانیبێژ و ئەکتەری دیاری ئەمریکا، ئێڵڤس پرێسڵی، بۆ ماوەی سێ رۆژ، پاڵەوانێتییەکی تایبەت لە وڵاتی بەریتانیا، بە ناونیشانی "گەر بتوانم خەون ببینم" بەڕێوەدەچێت و ئامانجی سەرەکی یادکردنەوە و ستایشی هەوڵە هونەرییەکانی ئەم هونەرمەندەیە.

رێکەوتی 15ی ئازار، پاڵەوانێتییەکە، وەکو چالاکییەکی ساڵانە و دیاری بەریتانیا دەستیپێکردووە، تیایدا چەندین چالاکیی جیاوازی وەکو گۆرانی گوتن و لاساییکردنەوەی پرێسڵی و نمایشکردنی شێوازی جلوبەرگی ئەم هونەرمەندە بەڕێوەدەچێت.

لە ئاستی جیهانییدا، پاڵەوانێتیی بەریتانیی بۆ ئێڵڤس پرێسڵی، بۆنەیەکی دیار و ناوازەیە بۆ هەوادارەکانی ئەم هونەرمەندە، لە سەرانسەری وڵاتانەوە گەشتیار رووی تێدەکەن، لەم وڵاتەدا، ژمارەیەکی زۆر لە هەوادارانی پرێسڵی بوونیان هەیە، کە کولتوورێکی ناوازەی رۆک ئاند رۆڵیان دروستکردووە و ناوەندێکی گرنگ و گەورەی هونەرییان بۆ بەریتانیا و جیهان پێکهێناوە.

لە ئاستی جیهانییدا، دەیان وڵات ساڵانە یاد و بۆنە و چالاکی جیاواز بۆ ئێڵڤس پرێسڵی ئەنجامدەدەن، لە وڵاتی ئوسترالیا، دیاردەیەکی کولتووریی بوونی هەیە کە بە حەجی ئێڵڤس پرێسڵی ناسراوە و هەوادارەکانی روو لە شارۆچکەی پارکس دەکەن، کە وەکو پایتەختی پرێسڵی دیاریکراوە و ساڵانە هەزاران کەس لە شارۆچکەکەدا کۆدەکاتەوە.

ئێڵڤس پرێسڵی، ناسراو بە پادشای "رۆک ئاند رۆڵ"، هەشتی کانونی یەکەمی ساڵی 1935، لە ویلایەتی میسیسیپی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لەدایکبووە، لەماوەی ژیانی هونەریی خۆیدا، کاریگەریی لەسەر رەوتی موزیک و بەدیاریکراوی ژانراکانی: رۆک ئاند رۆل، پۆپ، کەنتری، رۆکەبیلی و بلوز دروستکردووە.