جارێکی دیکە لە خولی تورکیا شەڕوئاژاوە روویدا

یاریزانانی یانەی فەنارباخچە. فۆتۆ: AP

لە هەفتەی 30ی خولی نایابی تورکیا، یانەی فەنەرباخچە بەئەنجامی سێ گۆڵ بەرامبەر دوو گۆڵ سەرکەوتنی بەسەر یانەی ترابزۆن سپۆر بەدەستهێنا، بەڵام لەلایەن هاندەرانی ئەو یانەیەوە هێرشکرایە سەریان و جارێکی دیکە شەڕوئاژاوە لە خولی سوپەری تورکیا روویدا.

گۆڵەکانی فەنار لەخولەکەکانی 13، 49 و 87 تۆمارکران، فرێد دووان لە گۆڵەکان و میچی باتشوای گۆڵێکی تۆمارکرد.

یارییەکە بە ئاقارێکی دیکەدا رۆیشت، بەتایبەت دوای ئەوەی ناوبژیوان فیکەی کۆتایی لێدا، یاریزانانی فەنارباخچەلەناو یاریگەدا دەستیانکرد بە ئاهەنگگێڕان، ئەوەش بووە هۆی تووڕەبوونی هاندەرانی ترابزۆن سپۆری خانەخوێ و بەشێک لە هاندەران هاتنە ناو یاریگە و هێرشیانکردەسەر ستافی یانەی میوان.

هاندەرانی تراپزۆن هەوڵیاندەدا ئازار بە یاریزانانی فەنارباخچە بگەیەنن، بەڵام رووداوەکە هیچ زیانێکی گیانی لێنەکەوتەوە و یاریزانانی فەنەرباخچە بەسەلامەتی یاریگەیان بەجێهێشت.

رووداوی شەڕ و ئاژاوەی نێوان یانەکانی تورکیا بابەتێکی نامۆ و نوێ نییە، بەڵکو لە پێشوودا چەندین حاڵەتی هاوشێوە روویانداوە، دوایینەکەی هێرشی فاروق کۆچای سەرۆکی یانەی ئەنقەرەگۆجۆ بوو بۆسەر خەلیل ئۆمۆتی ناوبژیوانی یاریی نێوان ئەنقەرەگۆجۆ و ریزەسپۆر لە خولی تورکیا، ئەم بابەتە هێندە گەورەبوو، رەجەب تەین ئەردوغانی سەرۆکی وڵات لەسەری هاتەدەنگ و سەرۆکی یانەکەی سزادا.

دەیان رووداوی هاوشێوەی دیکەش هەر لە خولی سوپەری تورکیا روویداوە و هەندێجاریش یانەکانی ئامەدسپۆر و دیاربەکر سپۆر کەوتوونەتە بەر لێشاوی تووڕەیی هاندەران و یاریزانانی یانەکانی دیکەی باکوور و رۆژئاوای تورکیا، لەگەڵ هەموو ئە سزایانەش کە بەسەر یانە و کەسایەتییەکاندا دەسەپێنرێت، بەڵام هێشتا توندوتیژی نێو یاریگەکانی ئەو وڵاتە کەم ناکات.