تورکیا.. لە مۆزەخانەیەکدا فەرشێک نمایشدەکرێت کە تەمەنی هەزار ساڵە

لە مۆزەخانەی کۆنگرەی ئەتاتورک لە ویلایەتی سیواسی ناوەندی تورکیادا، فەرشێکی مێژوویی نمایشدەکرێت کە 1000 ساڵ بەر لە ئێستا و لە سەردەمی دەوڵەتی سەلجوقیدا چنراوە.

لەو مۆزەخانەیەدا بەشێکی تایبەت بۆ نمایشی فەرش دابینکراوە، 62 فەرشی مێژوویی لەخۆدەگرێت، کە سەرنجی میوانانی مۆزەخانەکە رادەکێشێت.

ئێلکەر دۆجی، بەڕێوەبەری مۆزەخانەکە گوتوویەتی، فەرشی سیواس بەدرێژایی مێژوو بەوە ناسراوە کە لە باشترین جۆرەکانی فەرشی چنراوی تورکیایە، چنینی فەرشی سیواس تاوەکو ئێستا دەگمەنە، مۆزەخانەکەش ئێستا فەرشێکی سەلجوقی لەخۆدەگرێت، کە تەمەنی نزیکی هەزار ساڵ دەبێت و لە بەشی تایبەت بە فەرشەکان لە مۆزەخانەکە نماێشدەکرێت.

ئەوەشی روونکردووەتەوە، شێوە و نەخشەکانی سەر فەرشەکە، ئاماژەن بۆ عەرشی سوڵتان یان یەکێک لە کەسایەتییە دیارەکان ئەو کاتە یان رووداوێکی گرنگ.

ئاماژەی بەوەشداوە، کردنەوەی بەشێکی تایبەت بە نمایشی فەرشی مێژوویی لە مۆزەخانەکە سەرنجی سەردانکەرانی راکێشاوە.

لەبارەی چۆنییەتی دیاریکردنی تەمەنی فەرشەکانیشەوە، دوجی روونیکردووەتەوە، تەمەنی فەرشەکان لەرێگەی زانینی تەمەنی ئەو پەتانەوە دیاریدەکرێت کە فەرشەکەی لێپێکهاتووە، ئەمەش دوای پشکنینین لەلایەن پسپۆڕانەوە دیاریدەکرێت.

باسی لەوەشکردووە، هەر فەرشێک چیرۆکێکی مێژوویی لە پشتەوەیە، رەنگدانەوەی دۆخی رۆحی یان کۆمەڵایەتیی یان میزاجیی ئەو کەسەیە کە چنیویەتی.

روونیشیکردووەتەوە، رەنگەکانی مێوژی و شین زیاتر لە فەرشی سیواسدا هەن، لە چنینیاندا گرنگییەکی زۆر بە شێوە ئەندازییارییەکەی زەغرەفەکان دراوە، بەدەگمەن شێوەی رووەک و ئاژەڵان لەو فەرشانەدا بەدیدەکرێن.