لێدوانی یۆنامی لەبارەی بڕیاری پارتی لەبارەی بایکۆتی هەڵبژاردن

یۆنامی لەبارەی بڕیاری پارتی دیموکراتی کوردستان بۆ بایکۆتکردنی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دەڵێت: "داوا لە هەموو لایەنەکان دەکەین پێکەوە کار بکەن بۆ بەرژەوەندیی هاونیشتمانییان".

نێردەی تایبەتی نەتەوە یەکگرتووەکان (یۆنامی) لە عێراق لە راگەیەندراوێکیدا دەڵێت: "داوا دەکەین بە ئاڕاستەی چارەسەرکردنی کێشەکان کار بکەن نەوەک قوڵکردنەوەیان".

یۆنامی لە راگیەندراوەکەیدا ئاماژە بەوە دەکات، بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن لە 10ی حوزەیران زۆر بە گرنگ دەزانین.

رۆژی دووشەممە 18ی ئازار لە راگەیەندراوێکدا مەکتەبى سیاسیى پارتی دیموکراتى کوردستان رایگەیاند، بەشداریی هەڵبژاردنێک ناکەن بە نایاسایی و نادەستووری و لەسایەی سیستمێکی سەپێنراودا بەڕێوەبچێت، دەشڵێت "ئەگەر رێککەوتننامەى پێکهێنانى حکومەتى سودانى جێبەجێنەکرێت ناتوانین بەردەوامبین لە پرۆسەى سیاسی لە عێراق".

یۆنامی دەشڵێت: "وەک چۆن تێبینیمان هەبووە لەسەر بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی، تێبینیمان لەسەر بڕیارەکەی ئەمڕۆی پارتی دیموکراتی کوردستانیش دەبێت".

پارتی دیموکراتی کوردستان دەڵێت: "لە روانگەى هەستکردن بە بەرپرسیارێتى لە پاراستنى مافەکانى گەلى کوردستان و سیستمى دیموکراسى لە عێراق، بە بەرژەوەندى گەل و نیشتمانى دەزانن بەشداریى هەڵبژاردنێک نەکەن کە بە نایاسایى و نادەستوریى و لە سایەى سیستمى سەپێندراودا بەڕێوەبچێت".