هاکان فیدان: خواستمان دۆستایەتیی یەکێتییە لەگەڵ تورکیا

هاکان فیدان وەزیری دەرەوەی تورکیا فۆتۆ: AA

هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا لە چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ تەلەڤزیۆنی سی ئێن ئێن تورک رایگەیاند، "دۆستایەتیی و پەیوەندییەکانی سەرکردایەتیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە سلێمانی لەگەڵ پارتی کرێکارنی کوردستان، بۆ ئێمە زیاترە لەوەی کێشە بێت، ئیتر بووە بە مەترسیی لەسەر ئاسایشی نیشتمانیمان."

لەبارەی هەڵنانی هەنگاوی توند و زیاتر دژی سلێمانیش فیدان گوتی: "کاتێک تۆ بەردەوام بیت لە پێدانی پشتیوانیی بە دوژمنەکەم، چاوەڕێی چیم لێدەکەیت؟ لەم بابەتەدا روونین، ئەرکی من رێگریکردنە لەوەی ئەم دوژمنە سود لە تۆ (یەکێتی) ببینێت. من ئەم ئەرکە جێبەجێدەکەم، لە کاتی جێبەجێکردنی ئەم ئەرکەشدا فێڵت لێناکەم و تەڵە و داوت بۆ نانێمەوە، بەڵکو رووبەڕوو پێتدەڵێم کە واز لەمە بهێنە (پشتیوانیی بۆ پەکەکە)، چونکە ئەمە نە لە بەرژەوەندی تۆدایە و نە لە بەرژوەندی کەسی دیکەشدایە. خەڵکی سلێمانی خەڵکێکن دۆستی تورکیان، خەڵکێک نین کاریان لەگەڵ پەکەکەدا هەبێت."

فیدان باسی لەوەشکرد، تورکیا لەپێناو دروستکردنی سەقامگیریی، سوورە لەسەر بەکارهێنانی هەموو ئامرازە سیاسییە دەرەکییەکانی بەشێوەیەکی هەماهەنگکارانە.

وەزیری دەرەوەی تورکیا داوای لە یەکێتی کرد واز لە پەیوەندی لەگەڵ پەکەکە بهێنێت و گوتی: "خواستی ئێمە ئەوەیە هاوڕێیانمان لە سلێمانی لە هەڵەکردن بگەڕێنەوە، لەکاتێکدا رێگاکە نزیکە. خواستمان دۆستایەتییانە لەگەڵ تورکیا، وەک دۆستایەتیی رابردوومان، خواستمان ئەوەیە لەگەڵ ئێمە هەنگاو بەرەو داهاتووی هاوبەش بنێن."

هاکان فیدان باسی لە "ئۆپراسیۆنی چاوەڕوانکراو" لە هەرێمی کوردستان کرد و ئاماژەی بەوەکرد، "دەمەوێت جەخت لە بابەتێک بکەمەوە؛ بەشێوەیەکی گشتیی باس لە ئەگەری ئەنجامدانی ئۆپراسیۆن دەکرێت، ئۆپراسیۆنەکانی ئێمە بەبێ پچڕان بەردەوامییان هەیە و وەزارەتی بەرگرییمان لە جێبەجێکردنی ئۆپراسیۆنی بەردەوامدایە. "

لە وەڵامی بێژەری کەناڵی سی ئێن ئێن تورک کە گوتی: مانشێتی ئاوا گەورە دەنووسرێت "ئۆپراسیۆنی گەورەی نوێ لە عێراق"، لە راستیدا شتی وا نییە. فیدان گوتی، "نا، بێگومان بێگومان، ئەمە کاری داخستنی ناوچەکەیە بەڕووی پەکەکەدا، ئەمە جێبەجێکردنی هەنگاو بە هەنگاوی ئەو رێنمایی و فەرمانانەی سەرۆککۆمارمانە کە زۆر پێشتر رێنمایی و فەرمانی لەسەر داوە و پەسەندیکردووە. کە ناوچەکە بەڕووی پەکەکەدا دادەخەیت، واتە لەناوبردنی کادرە باڵاکان لە شار و گوندەکان لەلایەن دەزگای هەواڵگریی تورکیا (میت)ەوە، واتە ئەمە دوو پلانی تەریبە لەگەڵ یەک، لەڕووی ئەمنییەوە ئەمە بەردەوامدەبێت و هیچ پاشەکشەیەک لەم ستراتیژە ناکرێت، تاوەکو ئەو کاتەی مەترسی تیرۆر لەناودەبرێت، لەگەڵ ئەم رێگایانەش رێگای دیپلۆماسی و رێگای دیکەش بەکاردەهێنین. "

فیدان لەبارەی ئەگەری گفتوگۆی تورکیا لەگەڵ ئەمریکا بۆ رووبەڕووبوونەوەی پەکەکە گوتی، "ئەمریکا هیچ شتێکی پەیوەندیداری بە ئۆپراسیۆنەکانی ئێمەوە لە دژی تیرۆر لە عێراق نییە، ئەمە بابەتێک نییە ئێمە لەگەڵ ئەمریکا باسی بکەین، ئەمە بابەتێکە پەیوەندی بە ئاسایشی نیشتمانیی خۆمانەوە هەیە. "

فیدان باسی لە "داهاتووی هاوبەش"ی ناوچەکە کرد و رایگەیاند، "هەولێر، سلێمانی، بەغداد، کەرکوک و موسڵ پێکەوە داهاتوویان بونیاد دەنێن و لەو شوێنانە جێگای تیرۆر نابێتەوە و کاتی ئەوەیە بیانخەینە دەرەوەی سیتسمی خۆمانەوە. ئەم گرووپانە کاتیان بەسەر چووە. ئەو شارانەی باسم کردن، شاری کولتوریی مێژووین و پێشتریش توانیویانە بەسەر مەترسییەکاندا زاڵبن و پشت بەخواد لەمەودواش دەتوان زاڵبن. "