کۆمەڵى دادگەری: لەگەڵ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنداین لەوادەى خۆیدا

لۆگۆى کۆمەڵى دادگەریى کوردستان.

کۆمەڵى دادگەریى کوردستان رایگەیاند "لەگەڵ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنداین لەو كاتەی كە سەرۆكی هەرێمی كوردستان دیاریكردووە".

لە راگەیەندراوێکدا کۆمەڵى دادگەریى کوردستان ئاماژە بەوە دەکات، هیوادارین هیچ لەمپەرو رێگرییەک نەخریتە بەردەم ئەنجامدانی هەڵبژاردن.

بەگوێرەى راگەیەندراوەکە "هەرجۆرە ئینكارییەک کە وەستان بێ لەبەردەم جێبەجێکردنی بڕیارەکانی دادگای فدراڵییدا هەرێمی كوردستان روبەڕوی قەیرانی زیاتردەکاتەوە و دوورنییە چوارچێوە دەستوری و یاساییەکەی هەرێم لەدەست بدەین".

لەبەشێکى ترى راگەیەندراوەکەدا و سەبارەت بە مووچە و شایستە داراییەکانى فەرمانبەرانى هەرێمى کوردستان ئاماژە بەوە کراوە "زیاتر لە هەفتەیەكە وەزارەتی دارایی فیدراڵ، پارەی پێویستی بۆ مووچەی فەرمانبەران ناردووە، بەڵام بە بڕیارێكی چاوەڕوان نەکراو لەلایەن حكومەتی كاربەڕێكەری هەرێمەوە دەستی بەسەرداگیراوە، لەكاتێكدا دەتوانێت لەگەڵ داهاتی ناوخۆ مووچەی هەموو مووچەخۆرانی دابەشبكردایە".

دەشڵێت "دەبوو ئەم دەسەڵاتە ئەوەندە هەستی بەرپرسیارێتی هەبوایە كە لەم مانگی رەمەزاندا دەستی بەسەر ژیان و گوزەرانی خەڵكدا نەگرتایە كە تاكە سەرچاوەی ژیانی ئەو موچەیەیە".