بافڵ جەلال تاڵەبانى: دڵمان لای خەڵکی هەموو شار و شارۆچکەکانی کوردستانە کە بەهۆی لافاوەوە زیانمەندبوون

بافڵ جەلال تاڵەبانی

بافڵ جەلال تاڵەبانى، سەرۆکى یەکێتیى نیشتیمانیى کوردستان رایگەیاند "دڵمان لای خەڵکی هەموو شار و شارۆچکەکانی کوردستانە کە بەهۆی لافاوەوە زیانمەندبوون، بەتایبەت دهۆکی خۆشەویست".

سەرۆکى یەکێتى لە پەیامێکدا پرسە و هاوخەمیى قووڵى خۆى ئاراستەى کەسوکارى سێ قوربانییەکەی ئەمڕۆی دهۆک دەکات و دەڵێت "هاوبەشی ئەم خەمە گەورەیەین".

سەرۆکى یەکێتى ئامادەیى هەموو هاوکاریی و پشتیوانییەکی بۆ هاونیشتیمانییانى هەرێمى کوردستان و ناوچە زیانلێکەوتووەکان دووپاتکردەوە و سوپاس و پێزانینیشى ئاراستەی هەموو لایەنە پەیوەندیدارەکان کرد کە ماندوونەناسانە لەم رۆژە سەختەدا لەخزمەت هاونیشتمانییاندا بوون.

ئەمڕۆ شەپۆلێکى بارانبارین رووى لە هەرێمى کوردستان کرد و لەپارێزگاى دهۆک لەبەرەبەیانەوە بارانبارینى بەلێزمە دەستیپێکرد و لە زۆرێک لەناوچەکانى پارێزگاکە لافاو و ئاستەنگى هاتوچۆ دروست بوو و زیانێکى زۆرى ماددى لێکەوتەوە و هەروەها بەهۆى لافاوەکەوە دوو هاونیشتیمانى گیانیانلەدەستدا.

بەهۆى لافاوەکەوە پارێزگارى دهۆک راگەیەندراوێکى بڵاوکردەوە و بەهۆى ناجێگیرى کەشوهەواوە سبەینێ چوارشەممەى لەسەرجەمى دامودەزگاکانى پارێزگاکە کردە پشووى فەرمى.

بەگوێرەى راگەیەندراوێک عەلی تەتەر، پارێزگاری دهۆک رایگەیاند "سبەی چوارشەممە، لە سنووری پارێزگاکە بەهۆی ناجێگیری کەشوهەواوە پشووە و داواکارین هاونیشتمانییان لە ماڵەکانیان بمێننەوە".

بەگوێرەى راگەیەندراوەکە "پشووەکەى سبەینێ فەرمانگە خزمەتگوزارییەکانى وەک "بەرگریى شارستانى و پۆلیس و ئاسایش و کۆچ و کۆچبەران و نەخۆشخانە و شارەوانى، ناگرێتەوە".