وەزیری دەرەوەی ئەمریکا سەردانی ئیسرائیل دەکات

ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا

رۆژی ھەینی داهاتوو ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا سەردانی ئیسرائیل دەکات و کۆتایی بە گەشتەکەی بۆ رۆژھەڵاتی ناوەڕاست دەھێنێت کە ھەریەک لە عەرەبستانى سعودیە و میسرى گرتەوە.

ئاژانسی ئەسۆشیەیتد پرێس بڵاویکردەوە ئەنتۆنی بلینکن، وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە راگەیاندراوێکدا ئاماژەی بەوەکرد، دوای کۆبوونەوە و گفتوگۆکانی لەگەڵ سەرکردەکانی سعودیە و میسر و وەزیرانی دەرەوەی ئەو وڵاتە لە شارەکانی جەددە و قاھیرە، رۆژی ھەینی سەردانی ئیسرائیل دەکات.

ماتیۆ میلەر، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا رایگەیاند، ئەنتۆنی بلینکن لە تەلئەڤیڤ، ئازادکردنی سەرجەم بەدیلگیراوەکان لە کەرتی غەززە لەگەڵ بەرپرسانی حکومەتی ئیسرائیل تاوتوێدەکات.

ماتیۆ میلەر ئاماژەی بەوەشکردووە، بەشێک لەگفتوگۆکانی وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لە ئیسرائیل تایبەتدەبێت بە پێویستیی دڵنیابوون لە شکستی حەماس، لەنێویاندا لە رەفەح، بەشێوەیەک کەخەڵکی سڤیل بپارێزێت و رێگرینەکات لە گەیاندنی یارمەتییە مرۆییەکان بۆ غەززە و ئاسایشی گشتی ئیسرائیلیش پتەوتر بکات.

بەگوێرەى راگەیاندراوەکەی ئەنتۆنی بلینکن، لەچوارچێوەی گەشتەکەی بۆ ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست، رۆژى چوارشەممە سەردانی سعودیەى کرد و بڕیارە رۆژى پێنجەشەممە سەردانی میسر بکات، رۆژی ھەینیش سەردانی ئیسرائیل بکات و دواتر کۆتایی بە گەشتەکەی بۆ ناوچەکە بھێنێت.

لە رۆژی 7ی تشرینی یەکەمی ساڵی 2023ـوە، ھێرشی ئیسرائیل بۆسەر کەرتی غەززە دەستیپێکردووە، ئەمە شەشەمین گەشتە کە ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا بۆ رۆژھەڵاتی ناوەڕاست ئەنجامیدەدات.