دوو شەپۆلى بەهێزی بارانبارین هەرێمی کوردستان و عێراق دەگرنەوە

بارانبارین لە سلێمانى. فۆتۆ: حەمە سوور- کەناڵ8

کەشناسێکى عێراقى پێشبینى دەکات دوو شەپۆلى دیکەی بارانبارین هەرێمی کوردستان بگرێتەوە و هۆشداریی دەدات شەپۆلى دووەمیان لێزمەباران و توند دەبێت.

سادق عەتیە، کەشناسى عێراقى رایگەیاند، دوو شەپۆلى بارانبارین هەرێمى کوردستان و عێراق دەگرێتەوە، شەپۆلى یەکەم رۆژى هەینى دەستپێدەکات و تاوەکو ئێوارەى رۆژى شەممە بەردەوام دەبێت، ئەم شەپۆلە تەنیا لەناوچەکانى دهۆک، باکورى نەینەوا و باکورى هەولێر پێشبینیی بارانى بەلێزمەى لێدەکرێت.

سادق عەتیە ئەوەش دەخاتەڕوو، شەپۆلى دووەم رۆژى یەکشەممە دەستپێدەکات و چڕیى شەپۆلەکە دەکەوێتە ناوەڕاستى هەفتەى داهاتوو، هۆشدارى دەدات شەپۆلێکى توند و بەهێزى بارانبارینە و لە هەندێک ناوچە بارانى بەلێزمە دەبارێت.

رۆژی 19ی ئەم مانگە شەپۆلێکی بەهێزی بارانبارین پارێزگای دهۆکی گرتەوە و بەهۆیەوە سێ هاوڵاتی گیانیانلەدەستدا و زیانێکی زۆری لێکەوتەوە.