ئەحمەد حاجی رەشید: مووچە دابەشنەکرێت بەغداد دەتوانێت پارەکە رابکێشێتەوە

ئەحمەد حاجی رەشید ئەندامی خولی پێشووی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عیراق

ئەندامێکی خولی پێشووی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق رایگەیاند، ئەو پارەیەی کە وەزارەتی دارایی عێراق ناردوویەتی بۆ هەرێمی کوردستان، ئەگەر مووچەی پێدابەشنەکرێت، دەتوانێت پارەکە بەگەڕێنێتەوە یان بلۆکی بکات.

ئەحمەد حاجی رەشید ئەندامی خولی پێشووی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق بە کەناڵ8ی راگەیاند، وەزارەتی دارایی عێراق پارەی بۆ مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان ناردووە، ئەگەر یەک کاتژمێر دابەشکردنی مووچە دوابکەوێت، ئەوا حکومەتی هەرێمی کوردستان سەرپێچی یاسای کردووە و ئێستا کە دابەشکردنی مووچەی راگرتووە دەستبەسەرداگرتنی مافی فەرمانبەرانە و شکاندنی یاسایە.

گوتیشی، ئەگەر حکومەتی هەرێمی کوردستان بەو پارەیەی بەغداد ناردوویەتی مووچە دابەشنەکات و پارەکە هەر لە بانکدا بمێنێتەوە، ئەوا وەزارەتی دارایی عێراق دەتوانێت ئەو پارەیە بکێشێتەوە یاخود بلۆکی بکات و فەرمان دەربکات کە دەستکاری نەکرێت.

لەبارەی چارەنووسی مووچەی مانگی ئازاری فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان، ئەحمەد حاجی رەشید ئاماژەی بەوەکرد، بەپێی بڕیاری دادگای فیدڕاڵی، وەزارەتی دارایی عێراق وەک مانگی شوبات داوای لیستی مووچە لە وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان ناکات، بەڵکو دەتوانێت پارە بنێرێت بۆ لقەکانی بانکی ناوەندی لە هەرێمی کوردستان و فەرمانگە و وەزارەتەکان لیستی مووچەکانیان بدەن بە بانکی ناوەندی و مووچەکانیان وەربگرن، تا ئەوکاتەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان دەبنە خاوەنی هەژماری بانکی.

وەزارەتی دارایی عێراق بە چەند گوژمەیەک زیاتر لە 600 ملیار دیناری بۆ مووچەی مانگی شوباتی فەرمانبەران ناردوە، بەڵام تاوەکو ئێستا وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان لیستی مووچەی بڵاونەکردووەتەوە و دیارنییە کەی دەستدەکرێت بە دابەشکردنی مووچە.