کەشناسی: لێزمەباران دەبارێت

شەقامێکى شارى سلێمانى لەکاتى بارانباریندا. فۆتۆ: حەمە سوور

کەشناسیی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، ئەمڕۆ و سبەی بارانی بەلێزمە و تاوەباران دەبارێت و لە ناوچەشاخاوییە سنوورییەکانیش ئەگەری بەفربارین هەیە.

بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کەشناسی و بوومەلەرزەزانیی هەرێمی کوردستان بڵاویکردەوە، ئەمڕۆ پێنجشەممە 21ی ئازاری 2024، ئاسمان هەورى تەواو دەبێت، لەناوچە شاخاوییەکان نمەباران دەبارێت و لەکاتەکانی ئێوارە ئەگەری گۆڕینی بۆ شێوەی تاوەباران و هەورەبروسکە هەیە لە شارەکانی هەولێر و دهوک و دەوروبەری و لەکات و شوێنی دابارین مەودای بینین کەمدەبێتەوە.

ئاماژەی بەوەشکردووە، سبەی هەینی 22ی ئازاری 2024، ئاسمان هەورى تەواو دەبێت، لەکاتەکانی بەرەبەیان دابارین بەشێوەی نمە باران دەستپێدەکات و بەفرێکی کەم لەناوچە شاخاوییە سنوورییەکان دەبارێت.

بە گوێرەی پێشبینیی کەشناسیی هەرێمی کوردستان، سبەی لە کاتەکانی پاشنیوەڕۆ شێوەی دابارینەکە بۆ تاوەباران و هەورەبروسکە دەگۆڕێت و لەسەنتەری شاری هەولێر و دەوربەری و ناوچەکانی گەرمیان پێشبینیی لێزمەباران دەکرێت.