گەشتوگوزار: لە پێنج رۆژدا نزیکەی 50 هەزار گەشتیار هاتوونەتە سلێمانی

سەیرانگای شەمێران لە قەزای دەربەندیخان لە سنووری پارێزگای سلێمانی فۆتۆ: حەمەسوور - کەناڵ8

گەشتوگوزاری سلێمانی رایگەیاند، لە پێنج رۆژی رابردوودا، نزیکەی 50 هەزار گەشتیار هاتوونەتە سنووری پارێزگای سلێمانی و پێشبینیی هاتنی گەشتیاری زیاتریش دەکرێت.

ئارام شوانى، گوتەبێژى بەڕێوەبەرایەتیى گەشتوگوزارى سلێمانى بە کەناڵ8ـی راگەیاند، بەگوێرەی ئامارەکان لەماوەی 20 رۆژی رابردوودا، 100هەزار گەشتیار هاتوونەتە سنووری پارێزگای سلێمانی و لە ماوەی پێنج رۆژی رابردووشدا 50 هەزار گەشتیار سەردانی سلێمانییان کردووە.

گوتیشی، زۆرینەی گەشتیارەکان لە پارێزگاکانی ناوەڕاست و خوارووی عێراقەوە هاتوون، بەشێکیشیان لە رۆژهەڵاتی کوردستانەوە سەردانی سلێمانییان کردووە.

گوتەبێژى گەشتوگوزارى سلێمانى ئاماژەی بەوەشکرد، پێشبینیدەکرێت لە رۆژانی نەورۆزدا، ژمارەیەکی زیاتر گەشتیار روو لە پارێزگای سلێمانی و ناوچە گەشتیارییەکانی بکەن.