339 ساڵ بەسەر لەدایکبوونی "یۆهان سێباستیان باخ"دا تێدەپەڕێت

ئەمڕۆ لە رۆژمێری موزیکدا؛ ساڵیادی لە دایکبوونی موزیکزانی گەورەی ئەڵمانی (یۆهان سێباستیان باخ)ـە، گەرچی زیاتر لە سێ سەدەیە ژیانئاوایی لە جیهان و موزیک کردووە، بەڵام ئەو هێشتا یەکێکە لە کەسایەتییە گرنگ و کاریگەرەکانی موزیک لە جیهاندا.

باخ لە رێکەوتی 21ی ئازاری 1685 لە شاری لایبزگی ئەڵمانیا لەدایکبووە، کە لە مێژووی 300 ساڵی رابردوودا یەکێکە لە دیارترین موزیکدانەرانی موزیکی سەردەمی باڕوک و بە درێژایی سەردەمە مێژووییەکانی موزیکی رۆژئاوا، کاریگەری لەسەر سەرجەم رەوتە کۆن و نوێکانی موزیک هەبووە.

 باخ لە ژیانی تایبەتییدا خاوەنی 20 منداڵ بووە؛ بەڵام تەنها سێ لە منداڵەکانی دوای نەمانی درێژەیان بە بوارەکەی باوکیانداوە و ناویان لە پەراوە مێژوویەکانی موزیکدا بە پرشنگداری تۆمارکراوە، بەڵام هێشتا لە ئاست تواناکانی (باخ)ی باوکیاندا هێندە کاریگەرییان لە سەر موزیک جێنەهێشتوو، ئەو گەرچی هەموو ژیانی لە باکوری رۆژهەڵاتی ئەڵمانیا بەسەربردووە؛ کەچی بە هەوڵ و توانا و کۆششە تایبەتەکانی خۆی، توانیویەتی زۆر ئاگایانە لە سەرجەم جۆر و ستایلە موزیکییەکانی سەردەمی خۆی ئاگاداربێت و موزیک لە سەر زۆرینەی جۆر و فۆڕمە موزیکییەکانی سەردەمی خۆی بخوڵقێنێت.

وێنەیەکی دروستکراوەی یۆهان سێباستیان باخ

ئاشکرایە باخ بە دانەرێکی (سەردەمی باروک) هەژماردەکرێت و لە سەردەمانێکی دوور و ئایینیدا ژیانی بردۆتە سەر؛ کەچی سەڕەڕای ئەوەش، شاکارەکانی بونەتە هەوێن و ماتریاڵ و کەرەستەی گرنگی موزیکدانان و لە زۆرینەی ستایلە موزیکییەکاندا سوودیان لێوەرگیراوە.

لە گرنگترین ئەو شاکارانەی کە بوونەتە ناسنامەی کارە موزیکیەکانی تیۆرییەکانی (باخ)، ئەو چل و هەشت پارچە موزیکەیە، کە لە فۆرمی پریلیود و فوگەدا لە ژێر ناونیشانی (The Well-tempered Clavier) دایناوە، لەم زنجیرە کارەیدا، سوودی لە شێوازی کۆنتراپۆینت وەرگرتووە و لە نیویاندا هەموو تواناکانی هارمۆنیدان و میلۆدیسازی و بەکارهێنانی پەیژەی موزیکی تێدا جێگیرکردووە.

باخ لە 27 ساڵی کۆتای تەمەنیدا دەبێتە بەڕێوەبەر و مامۆستای قوتابخانە و کڵێسای (تۆماس قەدیس) لە شاری لایبزگ، کە تا ئێستاش بە دیارترین و پایە بڵندترین شوێنی موزیکی لە جیهانی موزیکدا دادەنرێت، یەکێکی تر لە کارە گرنگەکانی شاکاری (غەمنامەی مەسیح، بە ريوایەتی مەتتا)یە، کە هەموو ساڵێک لە ئەڵمانیا و زۆر شوێنی دیکەی جیهاندا بووە بە نەریت و دووبارە نمایشدەکرێتەوە، بێشک باخ سەرمەشق و ئاڤانتگاردی سەردەمی خۆی بووە و جگە لەوە بووە بە گرنگترین پایەی موزیکی دوای سەردەمی خۆی و بە درێژایی نزیکەی سێ سەدە، دیارترین وەجاخی نێو موزیکی کلاسیکی رۆژئاوایە، ئەو لە تەمەنی 65 ساڵییدا و لە 28ی تەمموزی 1750 لە لایبزگ کۆچیدوایی کردووە، پاش خۆی سەدان پارچە موزیکی لە دنیای موزیکدا جێهێشتووە.

وێنەیەکی دروستکراوەی یۆهان سێباستیان باخ