نزار قەبانی.. شاعیری رەخنەی سیاسی و شیعری مۆدێرن

نزار قەبانی شاعیری سووری، ئەو شاعیرەی بە خاوەنی قوتابخانەی مۆدێرنیزمی شیعری دادەنرێت، کە ناونیشانەکەی بوێرییە لە پرس و ناوەڕۆکدا، جا چ لە پیاهەڵدان بێت بە خۆشەویستی و ژن، یاخود رەخنەی توند بێت لە دۆخی سیاسی وڵاتانی عەرەبیدا.

نزار قەبانی، سەرەتا وەک شاعیرێک دەرکەوت کە بۆ خۆشەویستی و جوانی و ژن دەینووسی، بەڵام دواتر شیعرەکانی بەرەو بێهیوایی لە دۆخی هەڵوەشاوەی وڵاتانی عەرەبی چوون، لەگەڵ ئەمەشدا توانی داهێنانێکی بێوێنە بکات لە ڕووی پەیوەندی شیعر بە جەماوەرەوە، بەجۆرێک شیعرەکانی بەشێوەیەکی بەرفراوان بەناو خەڵکدا بڵاودەبوونەوە و لەلایەن هەموو چین و توێژەکانەوە دەخوێندرانەوە، ئەمەش بەهۆی سادەیی و بوێری بوو لە نوسینەکانیدا.

نزار تۆفیق قەبانی لە 21ـی ئازاری ساڵی 1923 لە پەیتەختی سوریا، لە خێزانێکی دیمەشقی لەدایک بوو، کە هەر لە کۆنەوە خۆشەویستییان بۆ هونەر و ئەدەب هەبووە.

هەر لە تەمەنی منداڵییەوە حەزی وێنەکێشان و موزیک لە نزاردا دەرکەوت، وەک خۆی دەڵێت، "لە تەمەنی پێنج بۆ 12 ساڵی لەناو دەریایەک لە رەنگدا دەژیام، لەسەر زەوی و دیواردا وێنەم دەکێشا، هەر شتێک بکەوتایەتە بەردەسم رەنگم لەسەر دەکرد، دواتر چووم بەرەو جیهانی موزیک، بەڵام کێشەکانی قوتابخانەی دواناوەندی لەو حەزە دووری خستمەوە".

نزار دەڵێت، "منداڵیم کلیلی کەسایەتی و ئەدەبەکەمە، هەر شتێک بمەوێت لە دەرەوەی بازنەی منداڵیمدا لێی تێبگەم، هەوڵێکی شکستخواردوو دەبێت بۆم".

پەیوەندی نێوان نزار و دایکی بەردەوام سەرچاوەی سۆز بووە کە سێبەری بەسەر شیعرەکانییەوە دیار بووە، هەروەها مردنی خوشکەکەی، هاوسەرەکەی و کوڕەکەی، کاریگەریی لەسەر دۆخی دەروونی هەبووە و ئەمەش بە هەمان شێوە بە بەشێک لە شیعرەکانییەوە دیار بووە.

نزار قەبانی پاش ئەوەی بڕوانامەی بەکالۆریۆسی لە قوتابخانەی کۆلێژی زانستی نیشتمانی لە دیمەشق بەدەستهێنا، چووەتە کولێژی یاسا لە زانکۆی سوریا، ساڵی 1945 لەوێ دەرچووە، لەگەڵ ئەوەشدا وازی لە حەزی منداڵیی نەهێنا و بەردەوام بوو لەسەر جۆش و خرۆشی بۆ فێربوونی هونەرە جیاوازەکان، لە وێنە کێشانەوە بۆ موزیک ، دواتر لەسەر دەستی مامۆستایەکی تایبەت فێری ژەنینی عود بوو، دوای جێگیربوونی لەسەر خۆشەویستی شیعر نوسین، دەستی کرد بە لەبەرکردنی شیعرەکانی شاعیرە بەناوبانگەکان.

نزار قەبانی بە درێژایی ژیانی لە چەند شارێکی جیاواز ژیاوە، تا ئەوکاتەی لە ساڵی 1966ـدا دەستی لە کار کێشاوەتەوە، لەو کاتەدا لە باڵیۆزخانەی سوریا لە قاهیرە کاری کردووە، لە کاتێکدا تەمەنی تەنها 22 ساڵ بووە.

دەرکەوتنی نزار قەبانی لە گۆڕەپانی شیعردا دەنگدانەوەی گەورەی هەبوو، لەو کاتەی کە دیوانی " قالت لي السمراء – ئەسمەر پێی وتم"ـی لە ساڵی 1944 بڵاوکردەوە، ئەو دیوانە کە چەندین هۆنراوەی بوێری لەبواری شیعر و ستایشکردنی جەستەی ژن تێدا بوو، ئەمەش مشتومڕێکی بەرفراوانی بەدوای خۆیدا هێنا، رەخنەی توندی لێگیرا و بەهۆیەوە هێرشی زۆری کرایە سەر.

بابەتی خۆشەویستی و گرنگیدان بە دڵ و جەستە خاڵی هاوبەشی شیعرەکانی نزار قەبانی بوون، لە چوار دیوانە یەکەمینەکەیدا، بەڵام لە ساڵی 1967ـدا گۆڕانکاری بەسەر شیعرەکانیدا هات، بەجۆرێک بەبێ ئەوەی دەستبەرداری لایەنی رۆمانسی ببێت، سەرنجی خستە سەر دۆخی سیاسی وڵاتانی عەرەبیی.

بەهەمان شێوەی شیعرە خۆشەویستییەکانی، شیعرە سیاسییەکانیشی بەشێوەیەکی بەرفراوان بڵاوبوونەوە و خوێنەرێکی زۆریان هەبوو.

شیعرەکانی نزار قەبانی بەشێوەیەکی بەرفراوان بە وڵاتانی عەرەبیدا بڵاوبوونەوە، بەشێکی زۆر لە هونەرمەندە ناسراو  و گەورەکانی عەرەب دەیانکرد بە گۆرانیی، لەوانە، عەبدولحەلیم حافز، فایزە ئەحمەد، نەجات سەغیرە، تا کازم ساهیر، ماجیدە رومی ، ئەساڵە نەسری و چەندانی دیکە.

نزار قەبانی لەماوەی ژیانیدا چەندین دیوانی شیعری نوسیوە، لە گرنگترینیان، "قالت لي السمراء – ئەسمەر پێی وتم (1944)، سامبا (1949)، أنت لي – تۆ بۆ منیت (1950)، قصائد – هۆنراوەکان (1956)، حبيبتي -خۆشەویستم  (1961)، الرسم بالكلمات – نیگارکێشان بە وشە (1966)، يوميات امرأة لا مبالية – رۆژانەی ژنێکی بێ باک (1968)، أشعار خارجة عن القانون – ئەو شیعرانەی لە یاسا دەرچوون (1972)، كل عام وأنت حبيبتي – هەموو ساڵێک تۆ خۆشەویستی منیت (1978)".

پاش ماوەیەکی درێژ لە تێكچوونی تەندروستیی ئەو شاعیرە، لە 30ـی نیسانی 1998 لە تەمەنی 75 ساڵیدا کۆچی دوایی کرد و لە دیمەشق بە خاک سپێردرا، دەیان هونەرمەندی عەرەب و سووری لەگەڵ ژمارەیەکی زۆر لە گوێگر و هەواداری ئەو هونەرمەندە لە پرسەکەیدا ئامادەبوون.