رۆژی جیهانیی رەنگەکان

لە 21ـی مارسی هەموو ساڵێکدا، ئاهەنگ بە رۆژی جیهانی رەنگەکان و کاریگەریی لەسەر ژیانمان دەگێڕدرێت، ئامانج لەم رۆژە هاندانی خەڵکە بۆ بیرکردنەوە لەوەی چۆن رەنگ وادەکات جیهان شوێنێکی باشتر بێت بۆمان.

کۆمەڵەی رەنگەکان لە پورتوگال، لە ساڵی 2008ـدا پێشنیازی کردووە کە رۆژێک بۆ رەنگەکان دیاری بکرێت، لە ساڵی 2009ـدا، کۆمەڵەی رەنگی نێودەوڵەتی پێشنیازەکەی قبوڵ کردووە، رۆژی 21ی ئازار، کە یەکەم رۆژی بەهارە، بە رۆژی رەنگەکان دیاری کردووە.

هەر لە کۆنەوە، رەنگ کاریگەریی سەرەکیی لەسەر ژیانمان هەبووە، خەڵک لە چاخەکانی رابردوودا رەنگیان بۆ نوسین و وێنەکێشان و دەربڕینی هەستەکانیان بەکارهێناوە، یەکەم رەنگ کە دۆزراوەتەوە، رەنگی ئۆکری سوور بووە، کە لە خۆڵێکی دەوڵەمەند بە ئاسن پێکهاتووە.

40 هەزار ساڵ بەر لە ئێستا، هونەرمەندان رۆنی ئاژەڵییان لەگەڵ غەڵوز و ماددەی دیکە تێکەڵکردووە بۆ دروستکردنی رەنگە جیاوازەکان لەپاڵ رەنگی سووردا، ئەو رەنگانەش کە لەوکاتەدا دۆزرابوونەوە، زەرد، رەش و سپی بوون.

لەو کاتەوە مرۆڤەکان توانیویانە هەزاران رەنگی جیاواز دروست بکەن، بەگوێرەی وتەی زانایانیش، مرۆڤەکان دەتوانن نزیکی 10 ملیۆن رەنگی جیاواز ببینن، لە کاتێکدا بەشێک لە زانایانیش پێیان وایە کە 18 ترلیۆن رەنگ هەیە.

لەم رۆژەدا لە بەشێکی وڵاتانی جیهاندا، بە شێوازی جیاواز ئاهەنگ دەگێڕدرێت، بەجۆرێک پێشانگەی هونەریی و چەند شوێنکارێکی تایبەت بە رەنگ و رووناکی دەکرێنەوە، چەندین کێبڕکێی جیاواز رێکدەخرێت.