ماسان هۆلی.. حەجێکی رەنگاورەنگ بۆ زیندووکردنەوەی کەلەپووری هیندۆسەکان

ماسان هۆلی، کە بە فێستیڤاڵی رەنگەکان و خۆشەویستییش ناسراوە، یەکێکە لە دیارترین فێستیڤاڵی هیندۆسەکانی وڵاتی هیندستان، تیایدا پەیڕەوکارانی ئاینی هیندۆسی و باوەڕدار بە خوداوەند شیڤا، چەندین نەریت و چالاکی نامۆ و جیاواز پێشکەشدەکەن.

لە ئاستی کۆمەڵگە جیاوازەکانی وڵاتی هیندستان، لە کۆتا رۆژەکانی مانگی ئازاردا، پەیڕەوکارانی هیندۆس کۆدەبنەوە و ئاهەنگ بۆ رۆژی رەنگەکان و خۆشەویستیی دەگێڕن، کە یەکێکە لە رۆژە گرنگەکانی ئاینی هیندۆسەکان بە فێستیڤاڵی هۆلییش ناسراوە، لە سەرانسەری وڵاتەکەدا چالاکی و ئاهەنگی جیاوازی بۆ دەگێڕن.

لە شاری ڤارناسی باکوری رۆژهەڵاتی هیندستان، چالاکییەکانی فێستیڤاڵی هۆلی بەشێوەیەکی جیاواز ئەنجامدەدرێن، گرنگییەکی گەورە بە زیندووکردنەوەی کەلەپووری شارەکە دەدرێت و ئەم رۆژە ئاینییە خراوەتە خزمەتی یادکردنەوەی نەریتە کۆنەکانی تایبەت بەم ناوچەیە، ئەمەش وای کردووە، لە ئاستی نیشتمانیی وڵاتەکەدا، ئاهەنگەکانی هۆلی لە ڤارناسی، جیاواز و ناوازەبن و سەرنجی زۆرینە بەلای خۆیاندا رابکێشن.

دیارترین چالاکییەکانی فێستیڤاڵی هۆلی لە ڤارناسی، بریتیین لە، لەبەرکردنی جلی رەنگاورەنگ و ئەنجامدانی جوانکاریی سەرنجراکێش و نامۆ، یاریکردن بە ئاگر و شیر و شمشێر، پیرۆزکردن بە خۆڵ و خۆڵەمێش، هاوتای نمایشکردن لەگەڵ ئاژەڵ و خۆشکە مەترسیدارەکان.

پەیڕەوکردنی فێستیڤاڵی هۆلی، هاوکاتیشە لەگەڵ هاتنی وەرزی بەهار، لەکاتێکدا لە وڵاتانی دیکەی ئاسیا، هاوشێوەی کورد، ئاهەنگ بۆ ساڵێکی نوێ و پڕ لە خۆشی و شادیی دەگێردرێت، هیندۆسەکان ئەم رێکەوتە بەکاردەهێنن بۆ پیرۆزکردنی خوداوەند شیڤا، لە ئاستی پەرستشەکانیاندا یادی رادا و کریشناش دەکەنەوە.

بۆ هیندۆسەکان، فێستیڤاڵی هۆلی گرنگییەکی گەورەی هەیە بۆ تێگەیشتن لە مەرگ و دووبارە ژیانەوە، بەگوێرەی سایتی فەرمی گەشتیاریی هیندستان، ئەم فێستیڤاڵە، یەکێکە لە پێنج کۆنترین مەراسیمەکانی وڵاتەکە و بۆ هیندۆسەکان وەکو حەجێکی ئاینیی لێی دەڕووانرێت، ئەمەش لەکاتێکدایە، لە شارەکانی دیکەی وڵاتەکەدا، ئەم رۆژە بە چالاکیی هەڵدانی رەنگەکان و فێستیڤاڵی یارییەکان بەڕێوەدەچێت و ئامانجی سەرەکییان راکێشانی سەرنجی گەشتیارانە.