کەشناسی: شەپۆلێکی دیکەی بارانبارین هەرێمی کوردستان دەگرێتەوە

وێنەی بارانبارین لە سلێمانی. فۆتۆ: حەمە سوور-کەناڵ8
بارانبارین لە سلێمانی. فۆتۆ: حەمە سوور-کەناڵ8

کەشناسیی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، لە پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ یەکشەممەوە شەپۆلێکی دیکەی بارانبارین هەرێمی کوردستان دەگرێتەوە، بارانی بەلێزمە دەبارێت و هەورەبرووسکەی لەگەڵدا دەبێت.

بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کەشناسی و بوومەلەرزەزانیی هەرێمی کوردستان بڵاویکردەوە، پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ یەکشەممە 24ـى ئازاری 2024، لە ئەنجامى کاریگەریى دوو نزمەپاڵەپەستۆى دەریاى سوور و کەنداوی عەرەبی، شەپۆلێکى بارانبارین روو لە ناوچەکە دەکاتەوە، سەرەتا کاریگەرییەکەی لە ناوچەکانى باشوورى هەرێمی کوردستان دەستپێدەکات.

ئاماژەی بەوەشکردووە، لە ئیدارەى گەرمیان و بەشێک لە سنوورى پارێزگاى هەڵەبجە و باشوورى پارێزگاى سلێمانى، باران بەلێزمە دەبارێت و هەورەبرووسکەی لەگەڵدا دەبێت، بڕی بارانبارینى پێشبینیکراو لەسنوورى ئیدارەى گەرمیان لە نێوان 35 ملیمەتر بۆ 45 ملیمەتر دەبێت.

بەگوێرەى پێشبینیی کەشناسیی هەرێمی کوردستان، لە سنوورى پارێزگاى هەولێر، ئیدارەى راپەڕین، سنوورى پارێزگاى دهۆک و ئیدارەى زاخۆ، بارانبارین کەمتر دەبێت و لەناوچە سنوورییەکان و لوتکەى شاخە بەرزەکان بەفر دەبارێت.

لەبارەی کەشوهەوای سبەی دووشەممە کەشناسی دەڵێت، کاریگەریى ئەم شەپۆلى بارانبارینە بەردەوامدەبێت و لە ئەنجامى کاریگەریى بارستەهەوایەکى سارد پلەکانى گەرما زیاتر نزمدەبنەوە، ئەگەرى تەزرەبارین لە کاتەکانى بەرەبەیان لە هەندێک ناوچە هەیە و لە پاشنیوەڕۆ بارانبارین کۆتاییدێت.