پارێزگای هەولێر: بڕیاری لێخۆشبوونی ساڵێک کرێ بۆ بەشێک لە دووکانەکانی لەنگە پەسەندکرا

دیمەنێک لە ئاگرکەوتنەوەى بازاڕى لەنگەى شارى هەولێر. فۆتۆ:AA

ئەنجوومەنی شارەوانیی هەولێر بڕیارى ساڵێک لێخۆشبوونی لە کرێى ساڵانە و شەش مانگ لە رسوماتى خاشاکى هەموو ئەو دووکانانەى لەنگەی پەسەندکرد کە بەهۆى رووداوى ئاگرکەوتنەوەکە سووتان.

راگەیاندنی پارێزگای هەولێر بڵاویکردەوە، لە دانیشتنى ژمارەى 10ى ئەنجومەنى شارەوانیى هەولێر لە رۆژی 6ی ئازاری 2024، سەبارەت بە هاریکارى و یارمەتیدانى زیانلێکەوتووانى بازاڕی لەنگە، بڕیاردرا بەلێخۆشبوونى ساڵێک لە کرێى ساڵانە و شەش مانگ لێخۆشبوون لە رسوماتى خۆڵ و خاشاکى هەموو ئەو دووکانانەى بازاڕەکە، کە گرێبەستیان لەگەڵ سەرۆکایەتیى شارەوانیى هەولێر هەیە و بەهۆى رووداوى ئاگرکەوتنەوەکە زیانیان بەرکەوتووە.

ئاماژەی بەوەشکردووە، ئەمڕۆ ئومێد خۆشناو، پارێزگارى هەولێر بڕیارەکەى پەسەندکرد و لە ئەمڕۆوە بڕیارەکە لەلایەن بەشى ژمێریارى و داهات و گرێبەستەکان دەچێتە بوارى جێبەجێکردنەوە.

ئێوارەی رۆژی 27ی شوباتی 2024، ئاگرێکی گەورە لە بازاڕی لەنگەی شاری هەولێر کەوتەوە و بەهۆیەوە 166 دوکانی بازاڕەکە سووتان.

نووسراوی ئەنجومەنی شارەوانیى هەولێر لەبارەی بڕیاری لێخۆشبوون لە دووکاندارەکانی بازاڕی لەنگە