خەڵاتەکانی یەکێتی نووسەرانی ئەمریکا دابەشدەکرێن

نیسی ناش بێتس، خانمە ئەکتەری دیاری ئەمریکی و براوەی خەڵاتی ئێمی، بەربژێری سەرەکییە بۆ میوانداریکردنی مەراسیمی دابەشکردنی خەڵاتەکانی یەکێتی نووسەرانی ئەمریکا.

خانمە ئەکتەری دیاری ئەمریکی، نیسی ناش بێتس، کە لەماوەی رابردوودا، توانی بە رۆڵەکەی لە زنجیرەی درامی "Monster: The Jeffrey Dahmer Story"، خەڵاتی ئێمی بباتەوە، ئێستا، بەربژێری سەرەکییە بۆ میوانداریکردنی مەراسیمی دابەشکردنی خەڵاتەکانی یەکێتی ئەمریکا، کە ساڵانە باشترینەکانی ئەمریکا دیاریدەکات لە بواری نووسینی سیناریۆی فیلم و زنجیرەدا.

بێتس لە لێدوانێکیدا بۆ گۆڤاری ڤیرایەتی دەڵێت، "نووسەرێکی باش، مەزنترین دیارییە بۆ ئەکتەرەکان".

لە ماوەی رابردوودا، بەهۆی خۆپیشاندان و مانگرتنی نووسەرانی هۆڵیوود، دابەشکردنی خەڵاتی یەکێتی نووسەرانی ئەمریکا دواخرا، کە بڕیارە 14ی نیسان، لە شاری هۆڵیوود مەراسیمەکە بەڕێوەبچێت.

خەڵاتی یەکێتی نووسەرانی ئەمریکا، ساڵی 1949 دامەزراوە، ماوەی 75 ساڵە، خەڵات بەسەر باشترین سیناریۆ و نووسەری فیلم و زنجیرەکان دابەشدەکات و لە ئاستی وڵاتەکەدا یەکێکە لە گرنگترین خەڵاتە هونەرییەکان.

بۆ ئەمساڵ، لە چوار لقی: فیلم، زنجیرە، رادیۆ و بانگەشەی تەلەفزیۆنی، خەڵاتەکانی یەکێتی نووسەرانی ئەمریکا بەسەر 26 کەسایەتیی و بەرهەمی جیاوازدا دابەشدەکرێن، لە دیارترینی ئەم پۆلانەش بریتین لە:

باشترین سیناریۆی رەسەن
باشترین سیناریۆی وەرگیراو
باشترین سیناریۆی دۆکیومێنتاری
باشترین زنجیرەی درامی
باشترین زنجیرەی کۆمیدی
باشترین ئانیمەیشن
باشترین هەواڵی دیجیتاڵی
باشترین دۆکیومێنتاری دەنگی/رادیۆ
باشترین بانگەشەی تەلەفزیۆنی