ئەنجوومەنی ئاسایش دەنگ لەسەر بڕیارنامەیەک لەبارەى ئاگربەستى غەززەوە دەدات

هاوڵاتیانى شارى خان یونس لە باشوورى کەرتى غەززە، شوێنەکانى خۆیان جێدەهێڵن. فۆتۆ: AFP

بڕیارە رۆژی دووشەممە 25ی ئازار، ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی دەنگ لەسەر بڕیارنامەیەک بدات کە تیایدا هاتووە "لە مانگی رەمەزاندا ئاگربەستی مرۆیی دەستبەجێ لە غەززە رابگەیەبرێت".

پرۆسەی دەنگدانەکە دوای ئەوە دێت کە رۆژی هەینی هەریەک لە رووسیا و چین، پرۆژەبڕیارێکی ئەمریکایان ڤیتۆ کرد، نوێنەری رووسیاش پرۆژەکەی بە کاتکوشتن ناوبردبوو.

ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا هۆشداریدا لەوەی بڕیارنامەکە کە چاوەڕێدەکرێت ئەمڕۆ دەنگی لەسەر بدرێت، رەنگە زیان بەو دانوستانانە بگەیەنێت کە واشنتن بە نێوەندگیری لەگەڵ قاهیرە و دەوحە بە ئامانجی راگرتنی شەڕ لە غەززە ئەنجامیداوە، دەشڵێت: "ئەم پرسە ئەگەری دووبارە بەکارهێنانەوەی ڤیتۆ زیاد دەکات".

ئەم بڕیارنامەیە لەلایەن 10 ئەندامی هەڵبژێردراوی ئەنجوومەنەکەوە پێشکەشکراوە، کە رووسیا و چین و ژمارەیەک وڵاتی عەرەبی و نەتەوە یەکگرتووەکان لەخۆدەگرێت.

بڕیارەکە "ئاگربەستێکی دەستبەجێی مرۆییە لە مانگی رەمەزاندا" "داوای ئازادکردنی بێ مەرجی سەرجەم بارمتەکان" دەکات، هەروەها جەخت لەسەر پێویستیی بەپەلەی پاراستنی خەڵکی مەدەنی و گەیاندنی هاریکاریی مرۆیی لە سەرتاسەری کەرتی غەززە دەکاتەوە.

مانگی رەمەزان لە 11ی ئازارەوە دەستیپێکردووە، واتە ئەگەر بڕیارنامەکە پەسەند بکرێت، ئاگربەستەکە تەنها بۆ ماوەی دوو هەفتە بەردەوامدەبێت، هەرچەندە لە رەشنوسی بڕیارنامەکەدا هاتووە کە وەستانی شەڕ دەبێت ببێتەهۆی "ئاگربەستێکی هەمیشەیی و بەردەوام".

ئەنجوومەنی ئاسایش دوو بڕیارنامەی سەبارەت بە تێکچوونی دۆخی مرۆیی غەززە پەسەند کردووە، بەڵام هیچ کامیان داوای ئاگربەستی نەکردووە.

بەگوێرەی دوایین ئامارەکانی وەزارەتی تەندروستیی غەززە بێت، زیاتر لە 32 هەزار فەڵەستینی لە ئەنجامی شەڕی نێوان ئیسرائیل و حەماس کوژراون.