كارمەندانی تەندروستیی سلێمانی بایكۆتی سەرتاسەرییان راگەیاند

كۆنفرانسی رۆژنامەوانی سەندیکای کارمەندانی تەندروستیی سلێمانی. فۆتۆ: كەناڵ8

بەهۆی دابەشنەكردنی مووچەوە، سەندیكای كارمەندانی تەندروستیی سلێمانی بایكۆتی سەرتاسەرییان راگەیاند، تەنیا لە بەشەكانی فریاكەوتن و بەشە هەستیارەكان دەوام دەكرێت.

هاوژین عوسمان، سەرۆکی سەندیکای کارمەندانی تەندروستیی سلێمانی لە كۆنفرانسێكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، "باری دارایی زۆر سەخت بووە و وای لێهاتووە بە ئەستەم دەتوانرێت خزمەتگوزاریی تەندروستی پێشكەشبكرێت، 54 رۆژە مووچە دابەشنەكراوە و مووچەی مانگی دووش 57 رۆژ چاوەڕێمانكرد تاوەكو دابەشكرا".

گوتیشی، "هەروەها لەساڵی رابردووش سێ مووچە دابەشنەكراوە، بۆیە كارمەندانی تەندروستی، فەرمانبەران، پزیشكان و مووچەخۆران لەبارودۆخێكی زۆر سەختدان و ئەستەمە بتوانرێت بەردەوامی بە خزمەتگوزارییە تەندروستییەكان بدرێت".

سەرۆكی سەندیكای كارمەندانی تەندروستیی سلێمانی ئاماژەی بەوەشكرد، "پاش كۆبوونەوەمان لەگەڵ سەرجەم نووسینگە و نوێنەر و لیژنە پسپۆڕییەكان، گەیشتینە ئەو دەرئەنجامەی لە ئەمڕۆوە بایكۆتی سەرجەم ناوەندەكانی تەندروستی دەكەین، جگە لە بەشەكانی فریاكەوتن و بەشە هەستیارەكان".

هاوژین عوسمان جەختی لەوەشكردەوە، زۆر هەوڵیانداوە نەگەنە ئەو بڕیارە، چونكە تەندروستی سێكتەرێكی هەستیارە و پەیوەندی بە ژیانی خەڵكەوە هەیە، بەڵام بەداخەوە پاش لێدوانی وەزیری دارایی تێگەیشتن كە تروسكاییەك یاخود بەروارێك بۆ دابەشكردنی مووچە و چارەسەركردنی دۆخی دارایی نییە، بۆیە ناچاربوون لەژێر فشاری ئەندامان و چین و توێژەكانی تەندروستی، بایكۆتی سەرتاسەریی رابگەیەنن.

هیواشیخواست، لە رۆژی چوارشەممە ئەنجوومەنی وەزیران كە كۆدەبێتەوە بڕیاربدات لەسەر دابەشكردنی مووچە، چونكە مووچە لە بەغدادەوە گەیشتووە و دەتوانرێت بە داهاتی ناوخۆ كورتهێنانەكەی پڕبكرێتەوە ودابەشبكرێت.

باسی لەوەشكرد، ئێستا حكومەتی عێراق مووچەی مانگی سێ دابەشدەكات و لە كەركوك زەوی بەسەر كارمەندانی تەندروستی دابەشكراوە، لە حكومەتی ناوەندی دەرماڵەی مەترسی كارمەندانی تەندروستی دوو هێندە زیادكرا، هەروەها فۆڕمی دامەزراندن دابەشدەكرێت، بەڵام ئەوان 10 ساڵە سەرقاڵی دەربڕینی ناڕەزایین بۆ مووچەكانیان.