رۆبەرت فرۆست.. شاعیری دۆخی مرۆیی و دیمەنە سروشتییەکان

لە ئاستی نووسینی شیعر و بردنەوەی خەڵاتە ئەدەبییەکاندا، نووسەرێکی بێهاوتا بووە، یەکێکە لە دیارترین شاعیرەکانی ئەمریکا، رۆبەرت فرۆست، لە رێکەوتی 26ی ئازاری 1874، لە سانفرانسیسکۆ لەدایکبووە.

لەماوەی ژیانی تایبەتیی خۆیدا، رۆبەرت فرۆست دوو جار لە خوێندنی باڵا دابڕاوە، جارێک لە زانکۆی دارتماوس و کۆتا جاریشی دەستبەرداری خوێندن بووە لە زانکۆی هاڤارد، هۆکاری سەرەکیش بۆ ئەم دابڕانەی، پاڵپشتیکردنی خێزانەکەی و هەوڵدانی بووە بۆ دابینکردنی بژێویی ژیان.

فرۆست، لە تەمەنی 20 ساڵییدا، ساڵی 1894، یەکەم شیعری خۆی بەناونیشانی "My Butterfly: An Elegy"، بە 15 دۆلار فرۆشتووە، پێش ئەوەی ببێت بە شاعیرێکی بەردەوام، وەکو جوتیار لە کێڵگەی باپیری وەکو کرێکار کاری کردووە، لەم قۆناغەشدا وەکو شاعیر بەردەوام بووە لە نووسینی شیعر.

یەکێک لە دیارترین شیعرەکانی ئەمریکا، بەناونیشانی "The Road Not Taken"، لەسەر دەستی رۆبەرت فرۆست نووسراوە، کە لە بنەڕەتدا گاڵتەوگەپێکی تایبەتی خۆی بووە لەگەڵ هاوڕێیەکی بەناوی ئێدوارد تۆماس.

جۆن ئێف کەنەدی، 25ـەمین سەرۆکی ئەمریکا، خولیایەکی گەورەی بۆ خوێندنەوەی شیعرەکانی فرۆست هەبووە، ساڵی 1961، بانگهێشتی دەکات بۆ خوێندنەوەیەک لە مەراسیمی سوێندخواردنی وەکو سەرۆک، بۆ ئەم مەبەستەش، فرۆست شیعرێکی تایبەت دەنووسێت بەڵام لە خوێندنەوەی شکست دەهێنێت و لەبری ئەم شیعرە پارچەیەکی دیکەی خۆی دەخوێنێتەوە.

لەماوەی ژیانیدا، فرۆست بە چەندین کارەسات و رووداوی دڵتەزێندا تێپەڕیوە، مەرگ لە ئاستی ژیانی کۆمەڵایەتییدا رووداوێکی بەردەوام بووە و دایک و باوکی لە منداڵییدا لەدەستداوە، هاوکات خوشکە بچوکەکەی لە نەخۆشخانەی دەروونییدا مردووە و ئێلینۆری هاوسەریشی پێش خۆی مردووە، لەکاتێکدا شەش منداڵی هەبووە، تەنها دووانیان توانیویانە دوای باوکیان بمێننەوە.

لە مێژوو ئەدەبیات و بردنەوەی خەڵاتە ئەدەبییەکاندا، رۆبەرت فرۆست تاکە شاعیرە کە توانیویەتی چوار جار خەڵاتی پولیتزەر بباتەوە بۆ دەستکەوتە شیعرییەکانی، مەدالیایەکی زێڕینیشی لەلایەن کۆنگرێسی ئەمریکاوە پێبەخشراوە، هەر لە سایەی ناوبانگدا، یەکێک لە شاخەکانی شارۆچکەکەی لە ریپتۆن کراوە بە ناویەوە.

لە تێکڕای ژیانە شیعرییەکەی خۆیدا، توانیویەتی زیاتر لە 250 شیعر بنووسێت، لە دیارترینیان:

The Road Not Taken
Nothing Gold Can Stay
The Oven Bird
Home Burial
The Runway

ساڵی 1962، رۆبەرت فرۆست دوچاری شێرپەنجەی پرۆستات دەبێت و لە هەمان ساڵدا بە زنجیرەیەک نەشتەرگەریی سەختدا تێدەپەڕێت، بەهۆی ماکی نەشتەرگەرییەکەیەوە ساڵی 1963، لە تەمەنی 88 ساڵییدا کۆچیدوایی دەکات و ناوی دەچێتە ریزی دیارترین و کاریگەرترین شاعیرەکانی سەدەی بیستەم، کە توانیویەتی بەردەوام لەسەر پرسە مرۆیی و رەوشتییەکانی مرۆڤ بکۆڵێتەوە و دۆخ و هەستەکانیان زەقبکاتەوە.