لە سلێمانی یادی رۆژی جیهانی شانۆ دەکرێتەوە

بەشی هونەری شانۆی سەر بە بەڕێوەبەرایەتی گشتی ڕۆشنبیری و هونەری سلێمانی، لەژێر دروشمی (با دەرگای شانۆكان كراوەبن، زۆر لەئاهەكان بێ لانەن) مەراسیمی رۆژی جیهانیی شانۆ بەرز رادەگرێت.

بەڕێوەبەرایەتی گشتی ڕۆشنبیری و هونەری سلێمانی، لە پەڕەی فەرمی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی فەیسبووکدا رایگەیاندوە، لە رۆژانی 27-28ـی ئازار، لە هۆڵی رۆشنبیری شاری سلێمانی، لە کاتژمێر 2:00ـی پاشنیوەڕۆوە، مەراسیمەکانی (با دەرگای شانۆكان كراوەبن، زۆر لەئاهەكان بێ لانەن) دەستپێدەکەن.

بەپێی راگەیەندراوەکەی بەڕێوەبەرایەتی گشتی رۆشنبیری و هونەری سلێمانی، لە رۆژی یەكەمدا، وتاری بەڕێوەبەری گشتی رۆشنبیری و هونەری سلێمانی، وتاری بەرێوبەری بەشی هونەری شانۆ پێشکەشدەکرێت پاشان خەڵات و رێزلێنان دەبەخشرێتە سێ شانۆكاری بەئەزموون، هەر لەم رۆژەدا چەند بڕگەیەكی تری هونەری پێشكەشدەكرێن.

ئاماژە بەوەشداوە، لە کاتژمێر 4:00ـی پاشنیوەڕۆی هەمان رۆژ ، لە هۆڵی چێوار لە تەلاری هونەر نمایشی شانۆیی "رووتبوونەوە" لە دەرهێنانی (گۆران محەمەد) نمایشدەكرێت.

لە رۆژی دووەمی یادەكەشدا رێکەوتی 28ـی ئازار، کاتژمێر 2:00ـی پاشنیوەڕۆ، دوو سیمیناری تایبەت لەبارەی شانۆوە بەڕێوەدەچێت، سیمیناری یەكەم بەناونیشانی "میكانیزمەكانی كاركردن لەسەر بینەر و گەشەپێدانی شانۆ" بۆ د. فازڵ جاف، سیمیناری  دووەم بە ناونیشانی "شیكاری رەخنەیی لە شانۆی كوردیدا" بۆ د.نیاز لەتیف، هەردوو سیمنیارەكەش لەلایەن گۆران محەمەدەوە بەڕێوەدەبرێن.