دیمەنێک لە شانۆیی کارما

شانۆیی کارما نمایشکرا

شانۆیی "کارما" لە هۆڵی بەدیعە دارتاش بەڕێوەچوو، کە یەکێک بوو لە کارنامەی دەرچوونی بەشێک لە خوێندکارانی بەشی "نواندن و دەر‌هێنان"ـی پەیمانگەی هونەرەجوانەکانی شاری سلێمانی.

ساڵانە لە پەیمانگەی هونەرەجوانەکانی شاری سلێمانی بەشی هونەری شانۆ، کارنامەی دەرچوونی خوێندکارانی بەشی "نواندن و دەر‌هێنان" بە هاوکاری بەڕێوبەری بەشی شانۆ و مامۆستاکان نمایش دەکرێت، هەر یەک لە خوێندکاران بە نزیکەیی بۆ ماوەی مانگێک زیاتر سەرقاڵی خۆ ئامادەکردن بۆ نمایش دەبن.

بۆ ئەمساڵیش، وەک نەریتێکی ساڵانە، بەشی شانۆی پەیمانگەی هونەرە جوانەکانی سلێمانی، چالاکییەکانی بۆ خوێندکارانی ڕێکخست و خوێندکارانی دوا قۆناغی بەشی شانۆ لە "نواندن و دەرهێنان" نمایشەکانیان پێشکەشکرد.

لە کۆی نمایشکردنی چەند بەرهەمێکی خوێندکاران، ئەمڕۆ رێکەوتی 26ـی ئازار نمایشی شانۆیی "کارما" لە هۆڵی بەدیعە دارتاش پێشکەشکرا.

شانۆیی کارما لە نووسینی بەهرام بەییزای و وەرگێڕانی بەڕۆژ ئاکرەییە، ژیار وشیار کاری دەرهێنانی بۆکردووە، بە بەشداری پێنج ئەکتەر و گروپێکی موزیک نمایشکرا.

دەقی شانۆییەکە باس لە لە نارەزایەتی هاوڵاتیان دەکات، کاتێک داوای مافەکانی خۆیان دەکەن ئەم روداوانەش کێشمەکێشمی دەساڵات و هاوڵاتی لێدەکەوێتەوە.

بە گوێرەی بریاری بەشی شانۆ، لە سەرەتای ساڵدا سەرجەم خوێندکاران بە هاوکاری مامۆستا و سەرپەرشتیارەکانیان دەقە شانۆییەکانیان ئامادە دەکەن و دوای تێپەڕینی چەند مانگێک نمایش دەکەن و نمایشەکەشیان وەک تاقیکردنەوەیەکە بۆیان.