بایدن: بەزووترین کات پردی فرانسیس سکۆت کی بونیاد دەنێینەوە

دیمەنی کەشتی و پردە رووخاوەکەی باڵتیمۆر

دوای رووخانی پردی 'فرانسیس سکۆت کی' لە شاری باڵتیمۆر لە ویلایەتی میریلاند،سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، بەزووترین کات سەردانی شارەکە دەکات و حکومەتی فیدراڵیش خەرجیی بونیادنانەوەی پردەکە دەگرێتەئەستۆ.

رۆژی 27ـی ئازاری 2024، کۆشکی سپی لەزاری جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، پردەکە بونیاد دەنێنەوە، بەڵام پێویستی بە کات هەیە.

پێشتریش بایدن ئاماژەی بەوەکردبوو، بەگوتەی ئەو کەسانەی رووداوەکەیان بینیووە تێکشکانی پردەکە تەنیا رووداوێک بووە، تاوەکو ئێستا هیچ بەڵگەیەک نییە کە بەمەبەست بووبێت.

رۆژی سێشەممە 26ـی ئازاری 2024 میدیاکانی ئەمریکا بڵاویانکردەوە، کەشتییەکی بارهەڵگر خۆى بە پردی 'فرانسیس سکۆت کی'ـدا کێشاوە و بەوهۆیەوە بەشێک لە پردەکە رووخاوە.

پردی "فرانسیس سکۆت کی" تەمەنی 47 ساڵە درێژییەکەى 2.6 کیلۆمەترە، بەگوێرەی ئامارەکانی حکومەتی ئەمریکا ساڵانە 11.5 ملیۆن ئۆتۆمبێل پردەکەیان بەکارهێناوە.