گوتەبێژی بازاڕی دۆلارەکە: چاوەڕێدەکرێت بەهای دۆلار بۆ 145 هەزار دینار دابەزێت

مێزێکی ئاڵوگۆڕی دراو لەناو بازاڕی سلێمانی. فۆتۆ: حەمەسوور

گوتەبێژی بازاڕی دۆلارەکەی شاری سلێمانی رایگەیاند، لەم هەفتەیەدا بەهای 100دۆلار چەند هەزارێک دابەزیوە و چاوەڕواندەکرێت بگاتە 145 هەزار دینار.

جەبار گۆران گوتەبێژی بازاڕی دۆلارەکەی شاری سلێمانی بە کەناڵ8ی راگەیاند، ئێوارەی ئەمڕۆ لە کاتی داخستنی بازاڕ بەهای 100 دۆلار بۆ 146 هەزار و 900 دینار دابەزیوە.

گوتیشی، چاوەڕێدەکرێت بەهای دۆلار زیاتر دابەزێت و هەفتەی ئایندە 100دۆلار بگاتە 145 هەزار دینار و خواستی بانکی ناوەندیش ئەوەیە لەو دەورووبەرە جێگیری بکات.

لەبارەی هۆکارەکانی دابەزینی بەهای دۆلار جەبار گۆران گوتی، سەردانەکەی محەمەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیرانی عێراق بۆ ئەمریکا کە بڕیارە مانگی داهاتوو ئەنجامیبدات و چاوەڕێدەکرێت ئەنجامی دڵخۆشکەری لەبارەی دۆلارەوە هەبێت، یەکێکە هۆکارەکان.

ئاماژەی بەوەشکرد، چەند هۆکارێکی دیکە لە پشت دابەزینی بەهای دۆلارەوەن، لەوانە پێدانی دۆلار لە رێگەی سەکۆی ئەلیکترۆنییەوە خواستی بازرگانانی پڕکردووەتەوە و عمولەی حەواڵەی دەرەکی هەرزانبووە و بەهۆی مانگی رەمەزانیشەوە جموجۆڵی بازرگانی وەستاوە و خواست لەسەر دۆلار کەمیکردووە، بۆیە بەهای دۆلار لەم هەفتەیەدا بەو شێوەیە دابەزی.