گاردیان: 130 پەرلەمانتاری بەریتانیا داوای قەدەغەی هەناردەی چەک بۆ ئیسرائیل دەکەن

سەربازانی ئیسرائیل، لەكاتی كۆگاكردنی گولـلە تۆپەكانیان لەسەر سنوورەكانی كەرتی غەززە. فۆتۆ: AP

130  پەرلەمانتاری بەریتانیا، نامەیەکیان ئاڕاستەی دەیڤید کامیرۆن، وەزیری دەرەوەی  بەریتانیا کردووە، بۆ سەپاندنی قەدەغەی هەناردەکردنی چەک بۆ ئیسرائیل.

رۆژنامەی گاردیانی بەریتانی بڵاویکردووەتەوە، نامەکە ئەندامانی حیزبە ئۆپۆزسیۆنەکان و ئەندامانی ئەنجوومەنی لۆرداتی بەریتانیا واۆژیان لەسەر کردووە، بە مەبەستی هەڵپەساردنی دەستبەجێی هەناردەکردنی چەک بۆ ئیسرائیل.

ئاشکراشیکردووە، هەر لە نامەکەدا ئاماژە بە کوژرانی زیاتر لە 32 هەزار کەس لە غەززە کراوە، کە زۆربەیان ژن و منداڵن.

باسیان لەوەشکردووە، هێرش و بۆردوومانی ئیسرائیل بووەتە هۆی وێرانبوونی زیاتر لە 80%ـى ژێرخانی ئابوروی کەرتی غەززە، جگە لەوەش بڵاوبوونەوەی برسێتی و قاتوقڕی تەنگى بە دانیشتووانى کەرتەکە هەڵچنیوە.

ئەو نامەی ئەندامانی پەرلەمانی بەریتانیا بۆ وەزیری دەرەوەی وڵاتەکەیان لەکاتێکدایە، ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی رۆژی دووشەممەی رابردوو، بڕیارێکی دەرکرد و داوای دەستبەجێی ئاگر بەستی لە کەرتی غەززە کرد ، بەڵام ئیسرائیل پابەندی بڕیارەکە نەبووە و لە هێرشەکانی بەردەوامە.