بافڵ جەلال تاڵەبانی لە مۆسکۆ لەگەڵ وەزیری دەرەوەی رووسیا کۆبووەوە

بافڵ جەلال تاڵەبانی لە مۆسکۆ لەگەڵ وەزیری دەرەوەی رووسیا کۆبووەوە

سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە مۆسکۆ لەگەڵ سێرگی لاڤرۆڤ، وەزیری دەرەوەی رووسیا کۆبووەوە و گۆڕانکارییە سیاسی و ئەمنییەکانی ناوچەکەیان تاوتوێکرد.

ئەمڕۆ پێنجشەممە، 28ی ئازاری 2024، بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە مۆسکۆ لەگەڵ سێرگی لاڤرۆڤ، وەزیری دەرەوەی رووسیا کۆبووەوە و بەگوێرەی راگەیەندراوێک کە نووسینگەی رۆژنامەوانیی سەرۆکی یەکێتی بڵاویکردووەتەوە، " دوایین گۆڕانکارییە سیاسی، ئابووری و ئەمنییەکانی ناوچەکە تاوتوێکراون و جەخت لە پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان، عێراق و رووسیا کراوەتەوە".

لە کۆبوونەوەکەدا سەرۆکی یەکێتی هاوخەمیی ‌حیزبەکەی سەبارەت بە "هێرشە تیرۆریستییەکەی" هەفتەی رابردووی مۆسکۆ ئاڕاستەی گەل و وڵاتی مۆسکۆ کردووە و جەختی لە پتەوکردنی هەوڵە جیهانییەکان کردەووەتەوە بۆ"رووبەڕووبوونەوەی بیری توندڕەوی، هەماهەنگیی نێوان وڵاتان بۆ زاڵبوون بەسەر ئاڵنگارییە ئەمنییەکان و لەناوبردنی پاشماوەکانی تیرۆر کە تاوەکو ئێستاش هەڕەشە لە مرۆڤایەتی دەکات".

لەدرێژەی کۆبوونەوەکەدا بافڵ جەلال تاڵەبانی جەختی لە گەشەپێدانی پەیوەندییە سیاسییەکان کردووەتەوە و ستراتیژیی یەکێتی لەبارەی رووداوە سیاسییەکان خستووەتەڕوو و راگەیاندووە، "پێویستە سەروەریی خاکی عێراق و هەرێمی کوردستان پارێزراوبێت و وڵاتەکەمان نەبێتە جێگەیەک بۆ یەکلاییکردنەوەی ناکۆکییەکان".

لەبەرامبەردا سێرگی لاڤرۆڤ، وەزیری دەرەوەی رووسیا پابەندبوونی وڵاتەکەی بە ئاشتیی درێژخایەن لە ناوچەکە دووپاتکردووەتەوە بۆ سیاسەتی دەستوەرنەدان لە کاروبار و سەروەرییەکانی عیراق، جگەلەوەی هەردوولا پێویستیی پاراستنی سەقامگیریی سیاسی و ئاشتییان لە عیراق و ناوچەکە دووپاتکرووەتەوە.

 بەگوێرەی راگەیەندراوەکە، پەیوەندییە مێژووییەکانی نێوان گەلی کورد و رووسیا تەوەرێکیتری کۆبوونەوەکە بووە "هەردوولا بەپەرۆشییەوە جەختییان لە پەرەپێدان و فراوانترکردنی کردەوە، هەروەها هەوڵەکانی سەرۆک مام جەلال لە دانانی نەخشەڕێگای پەیوەندییەکە، بەرزنرخێنرا".

هاوکات وەزارەتی دەرەوەی رووسیا راگەیەندراوێکی لەبارەی کۆبوونەوەکە بڵاوکردووەتەوە و ئاماژەی بەوەکردووە، "فراوانکردنی پەیوەندی و هاریکارییەکان لەچوارچێوەی پاراستنی بەرژەوەندیی هاوبەش گفتوگۆی لەبارەوەکرا".