مۆزەخانەی عێراقیی لە شاری بەغداد، چالاکییەکی کولتووری رێکخست، بەمەبەستی زیندووکردنەوەی ئەو نەریتانەی لە کۆندا پەیڕەوکراون لە وڵاتەکەدا، کە خۆیان لە گۆرانی گوتنی شەوانەی رەمەزان، نمایشی جلوبەرگ، کۆبوونەوەی دۆست و خۆشەویستان دەبیننەوە.
جیاواز لە ساڵانی دیکە، بەمەبەستی زیندووکردنەوەی کەلەپوور و نەریتی دێرینی عێراق، ئەمساڵ و بۆ یەکەمینجار، چالاکییە کەلەپوورییەکانی شەوانی رەمەزان، لەناو مۆزەخانەی عێراقیی ئەنجامدرا و تیایدا نەریتی کۆن و پاشماوەکانی شارستانییەتی دێرین، کەشێکی ناوازە و زیندوویان بە چالاکییەکان بەخشی.
چالاکییەکان لە نەریتێکی کۆنی عێراقەوە وەرگیرابوون، کە منداڵان لە شەوانی رەمەزاندا، گۆرانییان گوتووە، ئێوارە و شەوانیان بە کاری جیاواز و چێژبەخش بەسەربردووە.
هەروەها فێستیڤاڵەکە، نمایشی جلوبەرگی نەیتی و کۆنی عێراق لەخۆدەگرت، هاوتای نمایشکردنی چەندین پەیکەر و بەڵگەی دۆزراوەی دێرینی عێراق کە مێژووەکەیان دەگەڕێتەوە بۆ چەند هەزار ساڵێک پێش زاین، ئەو جلوبەرگانەش کە نمایشکران جلوبەرگی هاشمییەکانبوون، ئامانجیش لە رێکخستنی ئەم چالاکییە نیشاندانی کەلەپوور و شارستانییەتمانی عێراقییەکان بووە بۆ جیهان.
عێراقییەکان بەشێوەیەکی نەریتی، پاش شکاندنی رۆژوو، روو لە کافتریا و قاوەخانە و ناوەندە کولتوورییەکان دەکەن و شەوانی رەمەزان بە زیندووکردنەوەی نەریت و بەسەربردنی کات لەگەڵ کەسانی نزیک و خۆشەویستیان بەسەر دەبەن.
ئەنجامدانی چالاکییەکی لەم جۆرە لە ناوەندە کەلەپووریی و مێژووییەکانیشدا، هەڵقوڵاوی نەریتی وڵاتەکەیە لە زیندوو هێشتنەوەی نەریتی شەوانی رەمەزان، بە ئەنجامدانی نمایشی جیاواز و گۆرانی گوتن و گرنگیدان بە شێوازی جلوبەرگی تایبەت.