ئاوی عەمبارکراوی بەنداوەکانی عێراق گەیشتە 13 ملیار مەتر سێجا

دوو گەنجی عێراقی لەسەر کەناری رووباری دیجلە فۆتۆ: AFP
دوو گەنجی عێراقی لەسەر کەناری رووباری دیجلە فۆتۆ: AFP

ئەندامێکی لیژنەی کشتوکاڵ و ئاودێریی لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق ئاشکرایکرد، تاوەبارانەکانی رۆژانی رابردوو، سوودی زۆری بە بڕی ئاوی عەمبارکراوی وڵات گەیاندووە.

سائیر جبوری، ئەندامی لیژنەی کشتوکاڵ و ئاودێریی لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا ئاماژەی بەوەکرد، شەپۆلەکانی باران لە ناوچە جیاجیاکانی عێراق زۆر گرنگبوون لە نەخشەی کەشناسیی عێراقدا بۆ ساڵی 2024.

سائیر دەڵێت: "زیاتر لە 20 ناوچەی وڵات کە دەکەونە باکوور، رۆژهەڵات و رۆژئاوا، تاوە بارانی پێویستیان تێداباریوە".

گوتیشی: "شەپۆلەکانی کۆتایی ئەو تایبەتمەندییەیان هەبوو کە دەڕژانەوە نێو بەنداو و پۆندەکان لە دیالە، نەینەوا، ئەنبار و هەرێمی کوردستان، ئەوەش ئاستی ئاوی عەمبارکراوی زۆر زیادکردووە بۆ 13 ملیار مەتر سێجا کە بڕێکی زۆر باشە".

سائیر جبوری باسیلەوەشکردووە، ئەو جۆرە بارانە هۆکارێکبووە بۆئەوەی جوتیاران بتوانن لەسەرجەم ناوچەکان "داچاندنی زستانە" ئەنجامبدەن و ئاستی بەرهەمهێنانی دانەوێڵە زۆر زیادبکات، هەروەها هۆکارێکی دیکە بووە بۆ کەمبەردانەوەی ئاوی بەنداوەکان و پارێزگاریکردنی زیاتری ئاوە عەمبارکراوەکان بۆ وەرزی هاوینی داهاتوو.

چەندین ساڵە شارەزایانی بواری ژینگە و بەشێک لە رێکخراوەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان ئاماژە بەوەدەکەن، دیاردەی بەبیابانبوون و لەدەستدانی سەرچاوەکانی ئاو لە عێراقدا کاریگەریی دوورمەودای بەجێهێشتووە و پێویستە بەپەلە کار بۆ کەمکردنەوەی زیانەکانی بکرێت.