کەمکردنەوەی 50%ی باجی سەر هاوردەکردنی ئاژەڵی زیندوو کەوتە بواری جێبەجێکردنەوە

مەیدانی ئاژەڵفرۆشانی سلێمانی فۆتۆ: حەمەسوور - کەناڵ8

بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی گومرگی هەرێمى کوردستان رایگەیاند، باج و رەسمی گومرگى لەسەر هاوردەکردنی ئاژەڵی زیندوو بەڕێژەی لە 50% کەمکرایەوە.

لە راگەیەندراوێکدا بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی گومرگی هەرێمى کوردستان بڵاویکردەوە، بەمەبەستی کەمکردنەوەی نرخی گۆشتی سوور و بەرژەوەندیی گشتی، بڕیاردرا رەسمی گومرگیی ئاژەڵەکانی جۆری مانگا، جوانەگا و گۆلک، مەڕ و بزن، بەڕێژەی لە 50% کەمبکرێتەوە.

لە راگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوەشکراوە، بڕیارەکەیان لەبەر رۆشنایی کۆبوونەوەی رۆژی چوارشەممەی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان خستووەتە بواری جێبەجێکردنەوە. لە رۆژی 29ی ئازار بڕیارەکە دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە و بۆ ماوەی یەک ساڵ کاریپێدەکرێت و دواتر پێداچوونەوەی پێدادەکرێت.

ئەو بڕیارەی گومرگی هەرێمى کوردستان لەکاتێکدایە، مانگی رابردوو، ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراقیش بەهەمانشێوە بڕیاریدا بە کەمکردنەوەی باجی گومرگ لەسەر ئاژەڵی زیندووی هاوردەکراو لە دەرەوەی وڵات.

رۆژی چوارشەممە، 27ی ئازار، مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان پاش کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیران، بڕیاریدا بە کەمکردنەوەی رێژەی 50٪ ی باجی سەر هاوردەکردنی ئاهەڵی زیندوو بۆ ناو هەرێمی کوردستان.