ئەو پۆستەرەی فیلمی "ئۆپنهایمەر" کە لە یەکێک لە سینەماکانی تۆکیۆدا هەڵواسراوە

لەکۆتاییدا ئۆپنهایمەر سنوری ژاپۆنی بڕی

لە کۆتاییدا فیلمی "ئۆپنهایمەر"ـی براوەی خەڵاتی ئۆسکار بۆ باشترین فیلم، لە ژاپۆن نمایشدەکرێت، ئەو فیلمەی باس لە چیرۆکی دروستکەری بۆمبی ئەتۆمی دەکات، لەکاتێکدا پرسێکی هەستیار و سۆزدارییە لەلای ژاپۆنییەکان.

فیلمی ئەمریکی "ئۆپنهایمەر" کە سەرکەوتنێکی گەورەی لەسەر شاشەکانی ئەمریکا و ژمارەیەکی زۆر لە وڵاتان بەدەستهێنا، پاش نمایشکردنی لە مانگی تەمووزی ساڵی رابردوودا، بە هاوشان لەگەڵ نمایشکردنی فیلمی "باڕبی"ـدا بەیەکەوە دیاردەی "باڕبنهایمەر"ـیان پێکهێنا و بوون بە دووان لە پڕ بینەرترین فیلمەکان.

لەپاش ئەمریکاش، ئەم دوو فیلمە لە سینەماکانی جیهاندا نمایشکران، بەڵام لەکاتێکدا کە فیلمی "باڕبی" گەیشتە سینەماکانی ژاپۆن، فیلمی "ئۆپنهایمەر" بۆماوەی چەند مانگێکی زۆر لە هیچ سینەمایەکی ئەو وڵاتەدا نەبینرا.

وێڕای ئەوەی لەو کاتەدا هیچ روونکردنەوەیەکی فەرمی لەبارەی نمایشنەکردنی "ئۆپنهایمەر" نەدرا، بەڵام مشتومڕ دروست بوو لەبارەی ئەوەی بەشێوەیەکی روون رێگە نادرێت فیلمەکە لە ژاپۆن پەخش بکرێت، کە تەنها وڵاتە لە سەردەمی جەنگدا هێرشی ئەتۆمی کراوەتە سەر.

ژاپۆن تاکە وڵاتە کە لە کاتی جەنگدا رووبەڕووی هێرشی ئەتۆمی بووەتەوە

ئێستا و دوای چەند مانگێک لە دەرچوونی فیلمەکە و بردنەوەی خەڵاتی ئۆسکار، لەکۆتاییدا فیلمی "ئۆپنهایمەر" لە سینەمایەکی گەورەی تۆکیۆدا نمایشکرا، بەبێ ئەوەی هیچ ریکلامێکی دیاری بۆ بکرێت.

لە سینەماکەدا، بۆ ئەو فیلمە کە 100 ملیۆن دۆلاری تێچووە، داهاتی نزیکی ملیارێک دۆلاری کۆکردووەتەوە، تەنها یەک پۆستەری قەبارە بچوکی ریکلام دانراوە، بەبێ ئاماژەکردن بە هیچ یەکێک لە سەرکەوتنەکانی لەسەر ئاستی جیهاندا.

لە هێرشی ئەتۆمی ئەمریکا بۆسەر ژاپۆن لە ساڵی 1945ـدا و چەند رۆژێک بەر لە کۆتایی هاتنی جەنگی دووەمی جیهانی، 140 هەزار کەس لە هێرۆشیما و 74 هەزار کەس لە ناگاساکی گیانیان لەدەستدا.

فیلمی ئۆپنهایمەر، لە دەرهێنانی کریستۆفەر نۆڵانی بەریتانییە، براوەی خەڵاتی ئۆسکارە و لە کۆکردنەوەی داهاتدا و بە دەستکەوتی نزیکی ملیارێک دۆلار، بوو بە یەکەم فیلمی ساڵی 2023، ماوەی فیلمەکە سێ کاتژمێرە و گێڕانەوەی ژیاننامەی جولیەس رۆبەرت ئۆپنهایمەری زانای ئەمریکییە، کە بۆ یەکەمینجار لە مێژووی مرۆڤایەتییدا، توانی پاڵپشت بە بیردۆزەکانی ئالبێرت ئاینشتاین، چەکی ئەتۆمی دروستبکات.