وێنەی ئەو ئێسکەی کە لە گوندی مەنسور ئەلکانی نزیک قەزای کەلار دۆزراوەتەوە

شوێنەواری گەرمیان: پارچە شوێنەوارییەکەی گەرمیان بەبێ وەرگرتنی رەزامەندی بردراوە

لەگوندی مەنسور ئەلکانی ناحیەی رزگاری سەربە قەزای کەلار، پارچە ئێسکێکی شوێنەواریی دۆزرایەوە، کە قەبارەیەکی گەورەی هەیە، دانیشتوانی گوندەکە دەڵێن، یەکەمجارە ئێسکێک ببینین هێندە گەورە بێت، پاش ماوەیەکی کەم لە دۆزینەوەشی بەڕێوەبەرایەتی شوێنەواری گەرمیان رایگەیاند، پارچە ئێسکەکە بەبێ وەرگرتنی رەزامەندی بردراوە بۆ شاری سلێمانی.

ساڵح قادر، ئەو دانیشتووەی گوندەکە کە لە کاتی چوون بۆ کارکردن ئیسکەکەی دۆزیوەتەوە، بە کەناڵ8ـی راگەیاند، درێژی ئیسکەکە هەشتا سانتیمەتر و پانییەکەی 25 سانتیمەتر بووە.

ساڵح قادر گوتی، "لەدوای باران بارین و رۆچوونی زەوی ئەو ئێسکە دەکەوت، یەکەمجار وامزانی گۆزەیە، کە چووم بەرەو ڕووی سەیرمکرد ئێسکە، پێوام زۆر گەورە و پان بوو".

دانیشتووانی گوندەکە باس لەوە دەکەن، بەپێی بیرەوەری ئەوان، هیچ ئاژەڵێک نەبووە لە ناوچەکەیاندا کە ئێسکێکی جەستەی هێندە گەورە بووبێت.

ئەو هاونیشتمانیەی کە ئێسکەکەی دۆزوەتەوە، هەروەها دەڵێت، "پاش دۆزینەوە و سەیرکردنی، پەیوەندیمان کرد بە چەند کەسێکەوە، تا زانیاریمان دەست بکەوێت لەبارەیەوە، بەڵام بێسوود بوو، تا دواتر پەیوەندیمان کرد بە مامۆستایەک لە کەلار، کە ئەویش پەیوەندی کرد بە دوو مامۆستای دیکەوە لە شاری سلێمانی، کە دواتر هاتن بۆ ئێرە".

یەکێکی دیکە لە دانیشتووانەکای گوندەکە، بەناوی حەسەن قادر، کە ساڵانێکی زۆرە لەوێدا دەژی، بە کەناڵ8ـی گوت، "ئەمە یەکەمجارە ئێسک و پروسک و پارچەی لەم جۆرە ببینین، پێشتر ئێسک و پروسک و شوێنەوارمان دۆزیوەتەوە بەس ئەمە یەکەمجارە ئیسکێکی گەورەی لەم جۆرە بدۆزینەوە".

لەپاش دۆزینەوەکە، بەپێی زانیارییەکانی شوێنەواری گەرمیان، مامۆستایەکی زانکۆی شاری سلێمانی، بەبێ وەرگرتنی رەزامەندی ئێسکەکەی بردووە بۆ سلێمانی، باسی لەوەشکردووە، دەیانەوێت ئێسکەکە بگەڕێندرێتەوە بۆ گەرمیان و لەوێ لێکۆڵینەوەی لەبارەوە بکرێت.

گوندی مەنسور ئەلکان یەکێکە لەو شوێنانەی کە دەوڵەمەندە بە شوێنەوار و پاشماوەکانی سەدەکانی رابردوو، پێشتر چەندین شوێنەوار و ئێسک و پروسک لە ناوچەکەدا دۆزراوەتەوە، بەتایبەت گۆزە و بەردی نەقاڕی، کە بە وتەی دانیشتووانەکەی بەشێکی گۆزەکان ئاڵتوون لە پێکهاتەیاندا بووە، بەڵام دانیشتووانەکەی گرنگییان بەو دۆزینەوانە نەداوە، گۆزە و پاشماوەکانیان فڕێداوە.

دانیشتووانی گوندەکە دەڵێن: هیچ کنە و پشکنینێك نەکراوە، تیمی شوێنەوار نەهاتوون بۆ ناوچەکە، تەنها خەڵكەکەی خۆیان لەکاتی کێڵان و هەڵکەندن بە مەبەستی بەڕێکردنی ئیش و کاری رۆژانەیان پاشماوە شوێنەوارییەکانیان دۆزیوەتەوە.