ئێران بە بڕی 15 ملیار دۆلار گاز هەناردەی عێراق دەکات

کرێکارێک لە پاڵاوگەیەکی گازی سروشتی لە ئێران. فۆتۆ: AP

جێگری وەزیری نەوتی ئێران بۆ کاروباری گاز، لەکاتی واژۆکردنی رێککەوتنی درێژکردنەوەی گرێبەستی هەناردەکردنی گازی ئێرانی بۆ عێراق رایگەیاند، ئێران نزیکەی 52 ملیار مەتر سێجا گازی هەناردەی عێراق کردووە، کە بەهاکەی 15 ملیار دۆلارە.

مەجید شەهرەکی، جێگری وەزیری نەوتی ئێران بۆ کاروباری گاز، راشیگەیاند، لە ساڵی 2017ەوە بە دوو گرێبەستی جیاواز لەگەڵ عێراق، ئێران نزیکەی 52 ملیارمەتر سێجا گازی بە بەهای 15 ملیار دۆلار هەناردەی عێراق کردووە.

راشیگەیاندووە، هەناردەکردنی گازی ئێران بۆ عێراق، بەگوێرەی ئەو گرێبەستەی کە ئەنجامدراوە، تاوەکو پێنج ساڵی دیکە هەناردەکردنی گازی ئێران بۆ عێراق بۆ ماوەی پێنج ساڵ بەردەوام دەبێت.

هاوکات وەزیری کارەبای عێراق، زیاد عەلی فازڵ، رایگەیاند، بەگوێرەى ئەم گرێبەستە، بۆ ماوەی پێنج ساڵی داهاتوو بەردەوامدەبن لە کڕینی گاز لە ئێران، هەروەها دەشڵێت: وێستگەکانی کارەبای عێراق بەپەلە پێویستیان بە گازی ئێران هەیە بۆ بەرهەمهێنانی کارەبا.

وەزیری کارەبای عێراق ئاماژەی بەوەشکردووە، عێراق پێویستی بە 35 هەزار مێگاوات کارەبا هەیە لە رۆژێکدا، کە بەهۆی ئەو هەلومەرجەی ئێستا وڵات پێیدا تێدەپەڕێت، رۆژانە تەنیا 20 هەزار مێگاوات کارەبا بەرهەمدەهێنرێت و یەک لەسەر سێی ئەم کارەبایە بە گازی هاوردەکراو لە ئێرانەوە دابیندەکرێت.