بۆ داواکردنی ئاشتی لە غەززە چەند خۆپیشاندانێک لە سەرانسەری جیهان بەڕێوەچوون

دیمەنێک لە خۆپیشاندانەکەی تەلئەڤیڤ

لە پاریس، لەندەن، بەرلین و تەلئەڤیڤ خۆپیشاندانی بەرفراوان بۆ داواکردنی ئاشتەوایی لە غەززە و ئۆکرانیا بەڕێوەچوون.

رۆژی 30ـی ئازاری 2024، سەدان کەس لە شاری لەندەنی پایتەختی بەریتانیا بۆ داواکردنی ئاگربەست لە غەززە گردبوونەوە، ئەمەش لە دوای پەلامارەکەی حەماس لە 7ـی ئۆکتۆبەرەوە، حەوتەمین خۆپیشاندانی بەرفراوانی لەوجۆرەیە کە شاری لەندەن بەخۆیەوە دەیبینێت.

هاوکات سەدان کەس لە پاریسی پایتەختی فەڕەنساش لەخۆپیشاندانێکدا داوای ئاگربەست و کۆتاییهێنان بە ململانێکانیان کرد لە غەززە.

بەهەمانشێوە لە پشووی جەژنی ئیستەر و لە بەرلینی پایتەختی ئەڵمانیا، هەزاران کەس بەشداربوون لە خۆپیشاندانێکی دژ بە جەنگەکاندا لە غەززە و ئۆکرانیا.

پۆلیسی بەرلین رایگەیاند، نزیکەی 3500 کەس لە بەرلین بەشدارییان لە خۆپیشاندانەکەدا کردووە، ئەمە جگەلەوەی لە شاری شتوتگارت 1500 کەس و لە میونشن 850 و لە کۆڵن 400 کەس لە شارەکانی خۆیان بۆ هەمان مەبەست خۆپیشاندانیان سازکرد.

سەرجەم خۆپیشاندەران لە شارە جیاجیاکانی ئەڵمانیا داوای راگرتنی شەڕ لە ئۆکرانیا و ئاشتەوایی نێوان ئیسرائیل و فەڵەستینییەکانیان کرد.

لە شاری تەلئەڤیڤی پایتەختی ئیسرائیلیش، خۆپیشاندەران لە بەردەم وەزارەتی بەرگریی وڵاتەکە داوای رووخانی حکومەتی نەتەنیاهویان کرد، کەسوکاری بارمتەکانی ئیسرائیلیش لە راگەیەندراوێکدا گوتیان، بنیامین نەتانیاهو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل بەربەست لەبەردەم گەیشتن بە رێکەوتنێک بۆ ئازادکردنی رۆڵەکانیان دروستدەکات.

حکومەتی بەریتانیا داوای "دەستبەجێ ئاگربەستی مرۆیی" لە غەززە دەکات کە ببێتە هۆی "ئاشتییەکی بەردەوام".

لای خۆشیانەوە دەزگاکانی نەتەوە یەکگرتووەکان چەند هەفتەیەکە هۆشداریدەدەن لە زیادبوونی مەترسییەکانی برسێتی لەسەر دانیشتووانی کەرتی غەززە کە دوو ملیۆن و 400 هەزار کەسی تێدا دەژی و مەترسی برسێتییان لەسەرە.