لێپرسراوی دەزگای هەڵبژاردنەکانی یەکێتی: بەهیچ شێوەیەک لەگەڵ دواخستنی وادەی هەڵبژاردن نین

لۆگۆی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان

لێپرسراوی دەزگای هەڵبژاردنەکانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بە کەناڵ8ـی راگەیاند، لەگەڵ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستانین لە وادەی دیاریکراوی خۆیدا و نامانەوێت دوابخرێت.

ئەمڕۆ دووشەممە، 1ی نیسانی 2024، رزگار حاجی حەمە، لێپرسراوی دەزگای هەڵبژاردنەکانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بە کەناڵ8ـی راگەیاند، "یەکێتی لەگەڵ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستانە لەوادەی دیاریکراوی خۆیدا".

گوتیشی، "دەمانەوێت هەڵبژاردن لەو ماوەیەی لەلایەن سەرۆکی هەرێمی کوردستان و کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عيراق دیاریکراوە بەڕێوەبچێت".
دەشڵێت، "بەهیچ شێوەیەک لەگەڵ دواخستنی وادەی هەڵبژاردن نین و پێمانخۆشە هەموو هێز و لایەنە سیاسییەکانی کوردستان بەشداریی هەڵبژاردنەکە بکەن".

کاتژمێر 12ی شەوی رابردوو کۆتا وادەبوو بۆ پێشکەشکردنی ناوی بەربژێری لایەنە سیاسییەکان و سەربەخۆکان بە کۆمیسیۆن، پارتی دیموکراتی کوردستان لیستی بەربژێرکانی پێشکەشنەکرد.

جومانە غەلای، گوتەبێژی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان بە کەناڵ8ـی راگەیاند "کۆمیسیۆنى باڵای سەربەخۆى هەڵبژاردنەکان پابەندە بە خشتەى ئامادەکارییەکانى هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان و رۆژى 6ى نیسان تیروپشک بۆ ژمارەى لیست و بەربژێرەکان دەکەین".

بەگوێرەی مەرسوومی سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان، رۆژی 10ـی حوزەیرانی 2024، هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان ئەنجامدەدرێت و هەڵبژاردنەكەش لەلایەن كۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراقەوە بەڕێوەدەبرێت.