سریان و ئاشوور جەژنی ئەکیتۆیان گێڕا

یەکی نیسان، رۆژی جەژن و سەری ساڵی سریان و ئاشوورییەکانە، کە بە ئەکیتۆ ناسراوە و ساڵانە لەم رۆژەدا، لە هەرێمی کوردستان، وڵاتانی عێراق و سوریا و جیهان، ئاهەنگی بۆ دەگێڕن و تیایدا سریانی و ئاشوورییەکان جەخت لە پێکەوەژیانی و سەرەتای ساڵێکی نوێ و نوێبوونەوە دەکەن، لە وڵاتانی جیهانەوە خێزانەکەن بەم بۆنەیەوە دەگەڕێنەوە بۆ کوردستان و ماوەی 12 رۆژ ئاهەنگی بۆ دەگێڕن.

ئەمساڵ، لە پارێزگای دهۆک، سریانییەکان ئاهەنگیان بۆ جەژنی ئەکیتۆ گێڕا و کۆی چین و توێژەکان دڵخۆشییان بۆ ئەم یادە دەربڕی و جەختیان لە پێکەوەژیانیی و ئارامیی کوردستان کردەوە بۆ گەلە جیاوازەکان.

رێپێوانی سەربازیی، یەکێکە لە دیارترین ئەو چالاکییانەی لە جەژنی ئەکیتۆدا ئەنجامدەدرێن، کە مێژوویەکی دێرینی هەیە و کولتوورێکی سەردەمی بابلییەکانی پێش مێژووە، کە لەم رۆژەدا، بە جلوبەرگ و ئامڕازە سەربازییەکانیانەوە، نمایشیانکردووە و یادەکەیان بەرز راگرتووە.

لە هەرێمی کوردستان، زیاتر لە 100 هەزار کریستیان هەن، کە لەم ژمارەیە، 60 هەزاریان لە پارێزگای دهۆک نیشتەجێن و لە یادی ئەکیتۆدا بەشدارییەکی گەورەیان هەیە، لەم رۆژەدا جەخت لە پەیڕەوی ئاینیی خۆیان و کەلەپووری دێرینیان دەکەنەوە.

هەر لە هەمان رۆژدا و لە ناوچەکانی بەڕێوەبەرایەتی خۆسەری باکور و رۆژهەڵاتی سوریا، سریان و ئاشوورییەکان، ئاهەنگیان بۆ ئەکیتۆ گێڕا، جەختیان لەوە کردەوە؛ پاش دامەزراندنی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەری باکور و رۆژهەڵاتی سوریا، دۆخەکە بەراورد بە ساڵانی رابردوو باشترە و دەتوانن ئازادانە، ئاهەنگ بۆ یاد و بۆنە فۆلکلۆرییەکانی خۆیان بگێڕن.

بە گوتەی سەنحاریب بەرسوم، هاوسەرۆکی یەکێتی سریانی لە سوریا، "بەبێ گومان، ئاهەنگەکان لە ساڵانی دواییدا، ئازادییەکی زیاتریان پێوە دیارە، زیاتر لە ساڵانی رابردوو، گەلی سریانی توانیویەتی زیاتر گوزارشت لە کولتوور و جەژنی خۆی بکات".