دیارترین سەری ساڵی نەتەوە جیاوازەکان

بیرۆکەی ئاهەنگگێڕان بۆ سەری ساڵ و دیاریکردنی دەستپێکێکی نوێ بۆ ژیان، لە سەرانسەری جیهاندا پەیڕەودەکرێت و ئێستا ئەم یادە، وێڕای دیاریکردنی رۆژێکی جیهانیی کە رێکەوتی یەکی کانونی دووەمە، لە ئاستی نەتەوە جیاوازەکاندا، رێکەوت و ماوەی دیاریکراوی هەیە، بەگوێرەی کولتوورە جیاوازەکانی مرۆڤ، سەری ساڵی نەتەوەکان بەشێوەیەکی گشتی جیاوازیی هەیە، لێرەدا، بەگوێرەی هێڵی تێپەڕبوونی کات، سەرنج دەخەینە سەر دیارترین ئەو بۆنە و ئاهانگانەی، پاش یەکی کانوونی دووەم، رێکەوتن بۆ سەری ساڵی نوێی نەتەوە جیاوازەکان.

فێستیڤاڵی بەهار – سەری ساڵی چینییەکان

پاش یەکی کانونی یەکەم، دیارترین و بەربڵاوترین سەری ساڵ بۆ وڵاتانی ئەوپەڕی رۆژهەڵاتی ئاسیا و جیهان بە گشتی، سەری ساڵی نوێی چینییە، کە ناسراوە بە فێستیڤاڵی بەهار، لە ئاستی جیهانییدا، لەلایەن کۆمەڵگە چینییەکان و ئەو وڵاتانەوە پەیڕەودەکرێت کە کاریگەرن بە کەلەپوور و نەریتی چینی، جیاواز لە رۆژژمێری زاینی، سەری ساڵی چین خاوەنی رێکەوتێکی جێگیرە و گۆڕانکاریی بەسەردا نایەت، ئەم رێکەوتە، پەیوەستە بە رۆژژمێری هەیڤیی و چینییەکان لەنێوان 21ی کانونی یەکەم و 20ی شوبات ئاهەنگی بۆ دەگێڕن.

لە ئاستی ساڵانەدا، وڵاتی چین خاوەنی 12 ئاژەڵی جیاوازە، کە سیمبولن بۆ ساڵەکان و بەگوێرەی خولێکی 12 ساڵانە، دووبارە دەبنەوە، بۆ ئەمساڵ، چین ئاهەنگی بۆ سەری ساڵی ئەژدیها گێڕا، کە سیمبولە بۆ دەوڵەمەندیی و ژیری.

لە ئاستی پەیڕەوکردنی نەریتەکاندا، لەمیانی سەری ساڵی نوێی چینییدا، کۆمەڵگەکان شەقام و ماڵەکانیان بە رووناککەرەوە دەڕازێننەوە، ئاژەڵی ساڵ دەکەن بە سیمبول و پۆست و پوول و جلوبەرگ و خواردنی جیاوازی بۆ دروستدەکەن، چەندین فێستیڤاڵی جیاواز لە سەرانسەری بەشە جیاوازەکانی وڵات بەڕێوەدەچن، لەوانە: یارییە ئاگرینەکان، کۆشکی سەهۆڵبەندان، فێستیڤاڵی زستانە و نمایشی شانۆیی.

نەورۆز – سەری ساڵی کورد و گەلانی ئاسیا

لە ئاستی جیهانییدا و پاش رێکەوتی یەکی کانونی دووەم، جەژنی نەورۆز، بە دووەم دیارترین جەژنی سەری ساڵی جیهان دادەنرێت، بنەڕەت و سەرەتای ئەم جەژنە، دەگەڕێتەوە بۆ نەتەوەی کورد، هاوکات بەشێکی زۆر لە گەل و نەتەوەکانی دیکەی ناوچەکانی رۆژهەڵاتی ناوین و ئاسیای ناوەڕاست پەیڕەویدەکەن.

رێکەوتی جەژنی سەری ساڵی نەورۆز، دەکەوێتە 20 و 21ی ئازار، ئەم جەژنە، سیمبولی سەرەکی ژیانەوە و پێشوازیکردنە لە بەهار، لەم رۆژەدا، کوردان بە لەبەرکردنی جلوبەرگی کوردی، سەری ساڵ پیرۆز دەکەن و ئاگری ئازادی و ژیان دەکەنەوە، بۆ هاتنی بەهار سەما دەکەن و هەڵدەپەڕن، موزیک لێدەدەن و شیعر دەخوێننەوە، لە بەرامبەردا بۆ فارسەکان، نەورۆز بە سەردانیکردنی خێزان و هاوڕێکان دەستپێدەکات، دیارییەکان دەگۆڕنەوە و بەشداریی لە فێستیڤاڵە جیاوازەکاندا دەکەن، لە ئاستی ناوچەکەدا، نەورۆز لەلایەن گەلانی دیکەوە ئاهەنگی بۆ دەگێڕدرێت، لەوانە گەلانی: ئەفغانستان، هیندستان، ئوزباکستان، ئازەربایجان و پاکستان.

سۆنگکران – سەری ساڵی تایلەند

ئاهەنگگێڕان بۆ رۆژی سۆنگکران، لە ناوەڕاستی مانگی نیساندایە، ئەم ئاهەنگە گوزارشتە بۆ هاتنی سەری ساڵی نوێ لە تایلەند، لە دیارترین ئەو چالاکییانەی لەم رێکەوتەدا ئەنجامدەدرێن، فێستیڤاڵی شەڕەئاوە، کە تیایدا دانیشتوانی وڵاتەکە بە کۆمەڵ، بەشداریی تیادا دەکەن و بە بیر و باوەڕی خۆیان، ئەم چالاکییە هۆکارێکە بۆ پاکبوونەوەیان لە تاوانەکانی رابردوو، هەر لەم رێکەوتەدا، نوێژکردنەکان زیاد دەبن و رێزی تایبەت لە بەتەمەنەکان دەگرن، ئاهەنگ و مەراسیمە نەریتییەکان زیاتر پەیڕەودەکرێن و نزا بۆ ساڵێکی نوێ دەکەن.

هاوشانی فێستیڤاڵە جیاوازەکانی شەڕە ئاو، خەڵک لەبەردەم پەرستگەکاندا رادەوەستن و رێورەسمی تایبەت ئەنجامدەدەن، خواردنی تایبەتی تایلەندیی ئامادەدەکرێت و هەمووان بەمەبەستی نوێبوونەوە و یەکگرتن، خۆشەویستی بۆ خۆیان و نەریتەکەیان دەردەبڕن.

دیوالی – سەری ساڵی هیندۆس

دیوالی، کە بە دیپاڤالیش ناسراوە، فێستیڤاڵی رووناکیی هیندۆسەکانە، بەگوێرەی بیر و باوەڕی هیندۆسەکان، ئەم فێستیڤاڵە، ریشەیەکی دێرینی هەیە و پەیوەستە بە بردنەوەی رووناکی بەسەر تاریکاییدا، هەرچەندە لە ئاستی فەرمییدا دیوالی بە جەژنێکی فەرمی و سەری ساڵی نوێ هەژمارنەکراوە، بەڵام کۆمەڵگە جیاوازەکانی هیندۆس پەیڕەوی دەکەن و بە سەری ساڵی نوێی خۆیانی دەزانن.

دیوالی سیمبولێکی گەورەی نوێبوونەوە و سەرەتای کاری باشەیە بۆ هیندۆسەکان، لەم جەژنەدا، ماڵەکان بە رووناککەرەوەی رەنگاورەنگ و مۆم دەڕازێندرێنەوە و شەقامەکان پڕ دەبن لە خواردن و جوانکاریی، خێزانەکان لەنێوان خۆیاندا دیاریی دەبەخشنەوە و شیرینی تایبەت دابەش دەکەن، یارییە ئاگرینەکان یەکێکن لە دیارترین چالاکییەکانی ئەم جەژنە و هەمووان بۆ پاکبوونەوەی رۆحیان لەسەر شەقامەکان کۆدەبنەوە و دڵخۆشی و خۆشەویستیی دەبەخشن بە یەکتر.

هیجری – سەری ساڵی ئیسلامی

سەری ساڵی ئاینی ئیسلام، کە بە سەری ساڵی هیجریش ناسراوە، لە ئاستی جیهانی ئیسلامییدا پێشوازیی لێدەکرێت، وڵاتانی ئیسلامی، بەگوێرەی رێکەوت و رۆژژمێری هیجری کار دەکەن و لەم رۆژەدا بە سەردانیکردنی مزگەوتەکان و خوێندنەوەی قورئان و دابەشکردنی شیرینی سەری ساڵی نوێ بەسەر دەکەنەوە.

سەری ساڵی ئیسلام پەیوەستە بە رۆژژمێری هەیڤیی ئیسلامییەوە، کە یەکەم مانگی بە موحەرەم ناسراوە و ساڵانە بەگوێرەی رۆژژمێرەکە رێکەوتەکەی بەراورد بە رۆژژمێری زاینی گۆڕانی بەسەردا دێت.

سەری ساڵی نوێی ئیسلامی، بەشێوەیەکی فەرمی هیچ فێستیڤاڵ و چالاکییەکی دیاریکراوی بۆ دانەنراوە، بەڵام موسڵمانان بە رۆژێکی پیرۆزی دەزانن و هەوڵی سەرەکیی دەدەن بەگوێرەی نوێبوونەوەی رۆژژمێر، ئەرک و پەرستشە ئاینییەکانیان زیاتر بکەن و دڵخۆشی خۆیان بۆ یەکتر دەرببڕن.

ماتاریکی – سەری ساڵی ماوری

ماورییەکانی وڵاتی نیو زیلاند، یەکێکن لە دیارترین نەتەوەکانی ناوچەکانی نیو زیلاند و ئوسترالیا، سەری ساڵی ماوری، کە بە ماتاریکاش ناسراوە، بەگوێرەی ساڵ رێکەوتەکەی جیاوازیی هەیە، بەشێوەیەکی گشتی، ساڵانە لە مانگەکانی ئایار و سەرەتای حوزەیران، دەستپێدەکات و تیایدا ماورییەکان سوپاسگوزاریی خۆیان بۆ ئەستێرەی ماتاریکی دەردەبڕن.

لە دیارترین ئەو چالاکییانەی لە سەری ساڵی ماورییدا پەیڕەودەکرێن، بریتین لە: گێڕانەوەی چیرۆکەکان و سەماکردنی نەریتی، زیندوو هێشتنەوەی ئەفسانەکانی ماوری و ستایشکردنی ئەو رووداوانەی لە مێژووی کۆندا روویانداوە، ئەم ئاهەنگە، گرنگییەکی گەورەی هەیە بۆ مانەوەی کولتووری ماورییەکان و هاووڵاتییانی نەتەوەکەی بە خۆڕاگری و یەکگرتوویی هێشتووەتەوە.

روش هەشانا – سەری ساڵی جوو

پێش یەکی کانونی دووەم، جەژن و رێکەوتی سەری ساڵی نوێی جووەکان، دەکەوێتە مانگەکانی تشرینی یەکەم یان ئابەوە، ئەم بۆنەیە، یادێکی تایبەتی جووەکانە بۆ ئاهەنگگێڕانی سەری ساڵ و دەستپێکی رۆژە پیرۆزەکانی جوودیزم، لەم ماوەیەدا، کۆمەڵگە جووەکان لە سەرانسەری جیهاندا، بۆ یادکردنەوەی ساڵی رابردوو، کۆدەبنەوە و داوای لێخۆشبوون لە خودا دەکەن، نزاکانیان ئەنجامدەدەن و شیرینی دابەشدەکەن، ئومێد بۆ ساڵێکی نوێی پڕ لە پیرۆزیی دەخوازن.

دیارترین نەریتەکانی رۆش هەشانا، بریتین لە: فوو کردنە ئامێری شۆفار، کە ترامپێتێکی تایبەتی جووەکانە و لە شاخی بەران دروستدەکرێت، خێزانەکان کۆدەبنەوە و خواردنەکان دروستدەکەن، بەتایبەت سێوی هەنگوینی، کە سیمبولە بۆ هاتنی ساڵێکی شیرین، هاوتای دانانی هەنار، کە گوزارشتە لە ساڵێکی پڕ بەرهەم.