مێت گالا چیە و هونەرمەندان لەو رۆژەدا چی دەکەن؟

مێت گالا پێشانگەیەکە بۆ نمایشی جل و بەرگە نەبینراوەکانی براندە جیهانییەکان، کە بەشێکی هونەرمەندان لەبەری دەکەن و بەشێکی دیکەیان لە کاتی نمایشەکەدا نیشاندەدرێن.

مێت گالا چییە؟

مێت گالا بۆنەیەکی خێرخوازییە لەپێناو کۆکردنەوەی داهات بۆ پەیمانگەی جلوبەرگی مۆزەخانەی میترۆپۆلیتانی هونەر سازدەکرێت، ساڵانە لەم ئاهەنگەدا بڕە پارەیەکی زۆر کۆدەکرێتەوە.

چی نمایش دەکرێت؟

لە مێت گالا یادی شێوازی جل و بەرگی 400 ساڵی پێشوو دەکرێتەوە و لە ئەمساڵدا بابەتی ئاهەنگەکە "جوانکیلە خەوتووەکان"ـە، کە ئامانج لێی دووبارە بەخەبەرهێنانەوەی مۆدەیە، داوا لە ئەستێرە بەناوبانگەکانیش کراوە کەجلەکانیان بە دیزاینی جلوبەرگی کەسایەتییەکانی ناو کورتە چیرۆکی "Garden Of Time" لەبەر بکەن.

ئاهەنگی مێت گالا کەی و لە کوێ بەڕێوەدەچێت؟

بۆنەکە یەکەم دووشەممەی مانگی ئایاری هەموو ساڵێک ئەنجام دەدرێت، لە مۆزەخانەی هونەری میترۆپۆلیتان لە نیویۆرک بە بەشداری چەندان هونەرمەند بەڕێوەدەچێت کە پێشتر لە هۆتێلەکانی نزیک مۆزەخانەکە ماونەتەوە.

لە مێت گالا چی روودەدات؟

چی روودەدات و چۆن ئاهەنگەکە بەڕێوەدەچێت بە نهێنی دەمێنێتەوە. هونەرمەندان داوایان لێ دەکرێت مۆبایل لەگەڵ خۆیان نەبەنە ژوورەوە و سۆشیاڵ میدیا بەکارنەهێنن، میدیاکانیش رێگەیان پێنادرێت بچنە ژوورەوە، تەنها ئەوە دەزانرێت کە جل و بەرگەکان نمایش دەکرێن و داهاتە خێرخوازیەکان کۆ دەکرێنەوە و دواتر هونەرمەندان بەیەکەوە نانی ئێوارە دەخۆن.

واچاوەڕوان دەکرێت پێشانگەکە 50 پارچەی مێژوویی لەخۆبگرێت، کە بە وتەی رێکخەرەکانی نمایشەکە، ئەو جلانە جارێکی دیکە لەبەرناکرێنەوە، لەوانەش عەزییەکەی چارڵز فیدریک وۆس، کە عەزییەکی ئاوریشمە و لە ساڵی 1877 دروستکراوە.