سیمپۆزیۆمێکی تایبەت سەبارەت بە زمان و مێژووی کورد رێکخرا

لە هۆڵی چالاکییەکانی زانکۆی راپەڕین لە شاری رانیە، سیمپۆزیۆمێکی تایبەت بۆ وێنای کورد و مێژووە رەسەنەکەی رێکخراو و تیایدا، جەخت لە مێژووی راستەقینەی چەند ساڵەی کورد و هەژموونی زمان کرایەوە.

بە بەشداریی ژمارەیەک شارەزا لە زمان و مێژووی کورددا، سیمپۆزیۆمێکی تایبەت، کە لە دوو سیمیناری ئەکادیمی پێکهاتبوو، سەبارەت بە مێژووی کورد، بە ناونیشانی "وێنای کورد، لە زمان و مێژووە رەسەنەکەیەوە"، بە سەرپەرشتیی بەشی زمانی کوردیی کۆلێژی پەروەردەی بنەڕەتی زانکۆی سۆرانی شاری رانیە رێکخرا.

لە سەرەتای سیمپۆزیۆمەکەدا، راگری کۆلێژ و بەشی زمانی کوردی زانکۆی سۆران، هاوکار قادر رەسوڵ، گوتەی خۆی پێشکەشکرد و لەلایەن پ.ی.د خۆشناو عەزیز حەمەئەمینەوە، پانێڵەکە بەڕێوەبرا.

لە چوارچێوەی کار و چالاکییەکانی ئەم سیمپۆزیۆمەدا، چەند بابەتێکی گرنگ باسکران، ئەوانیش: پەردەلادان لەسەر وێنە راستەقینەکەی کورد، نەتەوەیەک کە لە سەد ساڵی رابردوودا وێنەیەکی درۆینەی بۆ دروستکراوە، لەلایەن سۆران حەمەرەش پێشکەشکرا.

هاوتای، سیمینارێک سەبارەت بە: هەژموونی زمان لە نەخشەرێژیی ئاوەزمەندیی مرۆڤدا، لە پێشکەشکردنی د. بڕوا رەسوڵ ئەحمەد.

د. بەرزان عەلی سەرۆکی بەشی زمانی کوری، بە کەناڵ8ی گوت، "ئامانج لە رێکخستنی ئەم سیمپۆزیۆمە، لە کڵاورۆشنەیەکی مێژووییەوە، بۆ جارێکی دیکە لە مێژووی کورد بڕووانینەوە"، ئاماژەی بەوەش دا؛ ئەوانەی مێژووی کۆنی کوردییان نووسیوەتەوە، خەڵکانێک بوون کە کورد نەبوون، درک بەوە دەکەین، کە دەرکەوتەی کورد لەناو مێژووی دونیادا، دەرکەوتەیەکی ساختەیە.

بە بەشداریی ئامادەبووانی سیمپۆزیۆمەکە، گفتوگۆ لەسەر مژار و بابەتەکان کرا و لە دەرئەنجامی گفتوگۆکانیشدا، بڕوانامە بەسەر پێشکەشکارانی سیمپۆزیۆمەکە دابەشکرا.