"نەورۆز هەر دۆخێکی نەخوازراوی تەندروستی لە سەیرانگەکان روویدا پەیوەندی بە 122 بکەن"

سامان نادر ، بەڕێوەبەری سەنتەری فریاکەوتنی خێرا لە سلێمانی

کەناڵ8- سلێمانی

بەرپرسێکی تەندروستی لە سلێمانی دەڵێت لە نەورۆزدا هەر حاڵەتێکی نەخوازراوی تەندروستی روویدا، هاونیشتمانییان پەیوەندی بە تیمە تەندروستییەکانەوە بکەن و بە ئۆتۆمۆبێلی تایبەتیی خۆیان قوربانییەکان نەگوێزنەوە.

سامان نادر عەلی، بەڕێوەبەری سەنتەری فریاکەوتنی خێرای تەندروستی لە سلێمانی، بە کەناڵ8ی وت "تیمەکانمان لە ناوشار و لە قەزا و ناحیەکان و لە بەشێک لە رێگاکانی دەرەوەی شارەکانیش لە ئامادەییدان، هەر رووداوێکی نەخوازراوی تەندروستی روویدا پەیوەندی بە 122 بکەن و ئێمە نزیکترین تیمی تەندروستی رەوانەی شوێنەکە دەکەین".

بەرپرسەکە هۆشداریدەداتە خەڵکی کە تاوەکو دەتوانن ئۆتۆمۆبێلی تایبەتی خۆیان بەکارنەهێنن بۆ گواستنەوەی قوربانییەکان "هەم هەڵگرتن و حەواندنەوەی قوربانییەکان لەناو ئۆتۆمۆبێلدا شارەزایی دەوێت، هەم ئۆتۆمۆبێلی تەندروستی پێداویستییە گرنگەکانی فریاگوزارییان تێدایە و کارمەندی شارەزای تەندروستییان لەگەڵە، هەم تیمەکانی هاتوچۆ ئاسانکاری بۆ ئۆتۆمۆبێلەکانی تەندروستی دەکەن و ئاسان دەگەنە جێگەی مەبەست".

ساڵی رابردوو تیمەکانی سەنتەری فریاکەوتنی خێرای تەندروستی لە سلێمانی بەدەمەوەچوونی زیاتر لە 18 هەزار حاڵەتی کتوپڕیی تەندروستییان تۆمارکردووە، لە دوو مانگی سەرەتای ئەمساڵیشدا 1334 حاڵەتیان تۆمارکردووە.