توێژینەوەیەکی زانستی: نەشتەرگەریی دانانی بۆریی دڵ لە سلێمانی لە ئاستێکی بەرزدایە

راگری کۆلێژی پزیشکی و ئەو سێ خوێندکارەی بەشداربوون (محەمەد عومەر، شادیار عومەر و باوەڕ ئەبووبەکر)

چەند خوێنکارێکی قۆناغی چوارەمی کۆلێجی پزیشکیی زانکۆی سلێمانی، توێژینەوەیەکیان ئەنجامداوە کە لە "گۆڤاری نەشتەرگەریی بەسرە" بڵاوکراوەتەوە.

محەمەد عومەر، خوێندکاری قۆناغی چوارەم و یەکێک لەوانەی لە توێژینەوەکەدا بەشداربووە، لە لێدوانێكیدا بۆ کەناڵ8 باس لە توێژینەوەکە دەکات و دەڵێت: "توێژینەوەکەمان بە ناونیشانی 'نەشتەرگەریی دانانەوەی بۆریی خوێنی دڵ لە سلێمانی' بووە و تێیدا هەڵسەنگاندمان بۆ رێژەی ئەنجامدانی نەشتەرگەرییەکە و ئەنجامەکانی کردووە".

نەشتەرگەریی دانانەوەی بۆریی خوێنی دڵ نەشتەرگەرییکە لە رێگەی کردنەوەی سنگەوە دەکرێت، زیاتر لەو کەسانەدا دەکرێت کە خوێنبەرەکانی دڵیان گیراوە و بەبێ دانانی خوێنبەرێکی نوێ ناتوانن لە ژیانی ئاسایی بەردەوامبن. لە نەشتەرگەرییەکەدا بۆرییەکی خوێن لە قاچ یان سنگی کەسەکە خۆیەوە دەهێنرێت و دەکرێتە رێرەوێکی نوێ بۆ ئەو خوێنبەرەی کە لە دڵدا گیراوە؛ واتە ئەو خوێنبەرەی کە دەچێنرێت دەبێت بە رێرەوێکی نوێ و خوێن بەوێدا تێپەڕدەبێت.

محەمەد عومەر دەڵێت لە توێژینەوەکەدا داتای ئەو نەشتەرگەرییانەیان کۆکردووەتەوە کە لە هەردوو نەخۆشخانەی دڵی سلێمانی و نەخۆشخانەی ئەنوەر شێخە کراون، تێیدا هەموو زانیارییەکانی چارەخوازان پێش و پاش نەشتەرگەرییەکە کۆکراونەتەوە، زانیارییەکانیش بریتیبوون لە: تەمەن، رەگەز، پیشە و مەترسییە جیاوازەکانی نەخۆشییەکانی دڵ(جگەرەکێشان و شێوازی ژیانی ناتەندروست)، جگە لەمانەش، ئەو کەسانەی نەشتەرگەرییەکەیان بۆکراوە بە پەیوەندییان پێوەکراوە  و بینراون بۆ ئەوەی بزانرێت ئێستا تەندروستییان چۆنە، هەروەها بزانرێت کە ئایا تووشی هیچ ماکێکی خراپی پەیوەست بە نەشتەرگەرییەکەوە بوون یان نا؛ "هەر لە توێژینەوەکەدا ئاماری گیانلەدەستدانیشی تێدا بووە".

سەبارەت بە ئامانج لەم توێژیەنەوەیە محەمەد عومەر بە کەناڵ8ـی گوت، ئەنجامەکانی توێژینەوەکە هەموویان هەڵسەنگێنراون و بە وردی بەراوردکراون بە سەنتەرەکانی دیکەی جیهان؛ ئەمەش بۆ ئەوەیە کە ئەزموونی ناوخۆیی خۆمان بۆ دەربکەوێت و بزانین کە ئایا سەنتەرەکانمان لە ئاستێکی باش و جیهانیدان یان نا؛ "هەموو ئەمانە لەپێناو ئەوەی کە داتای خۆماڵیمان هەبێت و بۆ لایەنە پەیوەندیدارەکان روونبێتەوە کە بارودۆخی نەشتەرگەرییەکان و ئەنجامی چارەخوازان چییە، دەرئەنجام زیاتر گرنگیی بە بوارەکە بدرێت و نۆرەی چارەخوازان باشتر بکرێت لەپێناو ئەوەی ئەنجامەکانی نەشتەرگەرییەکە زیاتر ئەرێنی بن".

دەرئەنجامی توێژینەوەکە ئەرێنییە و محەمەد دەڵێت "لە زۆر رووەوە ئەنجامەکان دڵخۆشکەرن، بەڵام پێویستە لە هەندێک رووی دیکەوە گۆڕانکاری و چاکسازی بکرێت بۆ ئەوەی هاونیشتمانییان کاتێک ئەم نەشتەرگەرییە دەکەن ئەنجامێکی باشتریان هەبێت".