چەند داتایەکی مەترسیدار لەسەر شێرپەنجەی کۆڵۆن بڵاودەکرێنەوە

شێرپەنجەی کۆڵۆن لەنێو منداڵاندا زیادیکردووە

توێژینەوەیەکی نوێ کۆمەڵێک زانیاری و داتای مەترسیدار لەسەر زیادبوونی رێژەی شێرپەنجەی کۆلۆن لەنێو منداڵان و هەرزەکاراندا دەردەخات.

توێژینەوەکە، لەسەر دانیشتووانی ئەمریکا کراوە بۆ ماوەی 21 ساڵ، واتە لەنێوان ساڵانی 1999-2020، چاودێریی تەندروستییان کراوە. لە توێژینەوەکەدا دەرکەوتووە کە رێژەی تووشبوون بە نەخۆشیی شێرپەنجەی کۆڵۆن زیادیکردووە؛ بەڵام مەترسیی ئەو ئامارە نوێیانە لەوەدا دەردەکەوێت کە دەریدەخەن شێرپەنجەی کۆڵۆن چیتر شێرپەنجەیەک نییە پەیوەست بێت بە هەڵکشانی تەمەنەوە، بەڵکو لەنێو منداڵاندا بەڕێژەیەکی بەرچاو و مەترسیدار بەرزبووەتەوە.

بەگوێرەی ئەو ئامارانەی بڵاوکراونەتەوە، تووشبوون بە شێرپەنجەی کۆلۆن لەنێو منداڵانی 10-14 ساڵاندا، بەڕێژەی %500، واتە پێنجئەوەندە بەرزبووەتەوە؛ لە هەمان کاتدا، لە منداڵانی 15-19 ساڵاندا بەڕێژەی %333 و لەنێوان لاوانی 20-24 ساڵدا بەڕێژەی %185 بەرزبووەتەوە.

زیادبوونی رێژەی تووشبوون بە شێرپەنجەی کۆلۆن تەنیا لەنێو منداڵاندا نەبووە؛ بەڵکو رێژەی نەخۆشییەکە لەنێو گەورانیشدا زیادیکردووە.

بۆچی شێرپەنجەی کۆڵۆن لەنێو منداڵاندا زیادیکردووە؟

کۆمەڵێک هۆکار هەن کە مەترسیی تووشبوون بە شێرپەنجەی کۆڵۆن زیاددەکەن؛ بۆنموونە بوونی مێژووی خێزانی، قەڵەوی، جگەرەکێشان، خواردنەوە کحولییەکان و شێوازی خواردن.

لەم چەند ساڵەی دواییدا، منداڵان زیاتر روویانکردووەتە کێشانی جگەرە ئەلیکترۆنییەکان و زیاتر ئارەزووی خواردنی خۆراکە خێرا و ئامادەکراوەکان دەکەن، کە ئەمەش هەم راستەوخۆ کاردەکاتە سەر تەندروستیی ریخۆڵەکانیان، هەمیش دەبێتەهۆی قەڵەوی.

شێرپەنجەی کۆڵۆن تا چەند مەترسیدارە؟

خۆشبەختانە بەهۆی پێشکەوتنەکانی زانستی پزیشکییەوە، سەرەڕای ئەوەی کە ژمارەی دەستنیشانکردنی حاڵەتەکانی شێرپەنجە زیادیکردووە، مەترسیی بەشێکی زۆر لە جۆرەکانی شێرپەنجە بەراورد بە پێشوو کەمتربووەتەوە. تووشبووانی شێرپەنجەی کۆڵۆن، ئەگەر بێتوو نەخۆشییەکەیان لە قۆناغە سەرەتاییەکاندا دەستنیشانبکرێت، ئەگەری مانەوەی پێنج ساڵییان (پێوەرێکە بەکاردەهێنرێت بۆ دیاریکردنی مەترسیی جۆرەکانی شێرپەنجە بەگوێرەی ئەوەی کە ئەگەر چەندە کەسی تووشبوو بۆ ماوەی پێنج ساڵی داهاتوو لە ژیاندا بمێنیتەوە)؛ زیاترە لە %91.

ئەگەر تەمەنی تووشبووان لەبەرچاو بگرین، مەترسیی نەخۆشییەکە لە منداڵاندا کەمترە؛ واتە ئەو منداڵانەی تووشدەبن ئەگەری چارەسەریان زیاترە و ئەگەری گیانلەدەستدانیان بەهۆی نەخۆشییەکەوە بەراورد بە کەسانی گەورە کەمترە.

دۆخی شێرپەنجەی کۆڵۆن لە کوردستان چۆنە؟

بەگوێرەی بەدواداچوونەکانی کەناڵ8، شێرپەنجەی کۆڵۆن لە هەرێمی کوردستان روولەزیادبوونە؛ بەجۆرێک کە لە سەرانسەری جیهاندا شێرپەنجەی کۆڵۆن بە سێیەم بەربڵاوترین جۆری شێرپەنجە دادەنرێت، بەڵام لە کوردستان لە پیاواندا بڵاوترین و لە خانماندا دووەم بڵاوترین جۆری شێرپەنجەیە.

بەگوێرەی ئامارەکانی نەخۆشخانەی هیوا لە سلێمانی، لە شەش مانگی ساڵی 2023دا، 157 حاڵەتی شێرپەنجەی کۆڵۆن تۆمارکراون، ئەوە لەکاتێکدایە ساڵی 2011 لە هەمان ماوەدا ژمارەی حاڵەتە تۆمارکراوەکان، کەمتر لە نیوەی ئەو ژمارەیە بووە و 75 حاڵەت تۆمارکراون.

پشکنینی پێشوەختە بۆ شێرپەنجەی کۆڵۆن هەیە؟

بەڵێ. دەتوانرێت بۆ زوو دەستنیشانکردنی نەخۆشییەکە، لە تەمەنێکی دیاریکراوەوە دەستبکرێت بە کردنی پشکنینی پێشوەختە. ئەم پشکنینە لەڕێگەی هەناوبینیی کۆڵۆن (کۆڵۆنۆسکۆپی/نازووڕ)ـەوە دەکرێت.
بەگوێرەی رێنامە جیهانییەکان، ئەو کەسانەی مێژووی خێزانیی نەخۆشییەکەیان نییە، دەبێت لە تەمەنی 45 ساڵییەوە دەستبکەن بە پشکنینی پێشوەختە بۆ شێرپەنجەی کۆڵۆن.

د. دانا تەیب غەریب، پزیشکی پسپۆڕی نەخۆشییەکانی هەرس و جگەر، لە لێدوانێکدا بۆ کەناڵ8 دەڵێت: "بەداخەوە ئێمە پشت بە رێنامە جیهانییەکان دەبەستین، لە کاتێکدا لەوانەیە شێوازی تووشبوون و تەمەنی دەستپێکی نەخۆشییەکە لە کوردستان جیاوازبێت؛ بە بۆچوونی ئێمە لەوانەیە تەمەنی 45 ساڵی بۆ دەستکردن بە پشکنینی پێشوەختەی شێرپەنجەی کۆڵۆن بۆ کوردستان درەنگبێت"