سعودیە مەرجی خۆکوتان بۆ حاجییان دادەنێت

حاجیان لەکاتی بەجێهێنانی فەریزەی حەج. وێنە: AP

وەزارەتی حەج و عەمرەی سعودیە مەرجەکانی بۆ وەرزی حەجی ئەمساڵ بڵاوکردەوە، کە بەشێکیان پەیوەندییان بە باری تەندروستیی حاجییەکانەوە هەیە.

بەگوێرەی بەیاننامەیەکی وەزارەتەکە، کە دێسکی تەندروستیی کەناڵ8 بەدواداچوونی بۆ کردووە، بۆ حاجییانی ناوخۆی سعودیە دەبێت ژەمی بەهێزکەری ڤاکسینی دژە کۆڤید لە ماوەی ئەمساڵ، ژەمێکی ڤاکسینی دژە ئەنفلۆنزا لە ماوەی ئەمساڵ  و ژەمێکی ڤاکسینی دژە هەوکردنی مێشک لەماوەی پێنج ساڵی رابردوو وەرگیرابێت.

هەرچی حاجییانی دەرەوەی سعودیەشن، ئەوە دەبێت بە بەڵگەوە ڤاکسینی دژە ئیفلیجیی منداڵیان بۆ کرابێت لەکاتی خۆیدا و هەروەها ڤاکسینی دژە هەوکرنی مێشکیان بۆ کرابێت لەماوەی پێنج ساڵی رابردوودا.

وەزارەتە سعودییەکە هەروەها رێنمایی وڵاتان دەکات دڵنیاببنەوە لەوەی حاجییەکە نەخۆشییەکی جەستەیی ئەوتۆی نییە کە رێگربێت لە ئەنجامدانی پرۆسەی حەج، لە نموونەی ئەو نەخۆشییانەش ئاماژەیکردووە بە:

  • سستیی گورچیلە کە گەیشتبێتە قۆناغێک پێویستی بە شوشتنەوەی گورچیلە بێت
  • سستبونی دڵ کە گەیشتبێتە قۆناغێک لەکاتی پشوودانیشدا نیشانەی هەبێت، یان بە کەمترین چالاکیی جەستەیی نیشانەکانی دەربکەون
  • نەخۆشیی درێژخایەنی سییەکان، کە گەیشتبێتە قۆناغێک پێویستی بە وەرگرتنی بەردەوام یان پچڕپچڕی ئۆکسجین بێت
  • بەمۆمبوونی جگەر کە گەیشتبێتە قۆناغێکی ئەوتۆ نیشانەکانی پەککەوتنی جگەری لێدەرکەوتبێت، وەکوو: ئاوبەندی سک، خوێنبەربوونی دەوالی یان نۆرەی تێکچوونی هۆش
  • نەخۆشییە توندەکانی مێشک و دەمار کە کاریکردبێتە سەر هزر و یادەوەری، یان سنوورداریی زۆری جموجووڵی جەستە، یاخود بەساڵاچوونێک کە گەیشتبێتە قۆناغی خەڵەفان

وەزارەتی حەج و عەمرەی سعودیە داوا لە تووشبووانی نەخۆشییە درێژخایەنەکانیش دەکات پێداویستییە پزیشکی و تەندروستییەکانیان لەگەڵ خۆیان بهێنن و پشتگوێیان نەخەن، دەرمانەکانیان لەگەڵ خۆیان بهێنن، دەنکۆڵەکان لە بەرگی راستەقینەی خۆیاندا بن و کوتانە تایبەتییەکانیشیان بۆ کرابێت بەپێی نەخۆشییەکانیان، جگە لە کوتانە گشتییەکان.