پزیشکێکی کورد هۆشدارییەکی گرنگ سەبارەت بە جۆرێکی دژەخۆر دەدات

د. شێرکۆ وەیس - پسپۆڕی نەخۆشییەکانی پێست و جوانکاری

پسپۆڕێکی پێست و جوانکاری باس لەوە دەکات کە دژەخۆر بەرگریی %100 دژی هەتاو ناکات و دەبێت هاونیشتمانییان ئاگاداربن لە زیانەکانی تیشکی خۆر؛ هەروەها هۆشدارییەکی گرنگیش دەدات لەسەر هەندێک جۆری دژەخۆر کە ئێستا لە بازاڕەکاندان

د. شێرکۆ وەیس، پسپۆڕی نەخۆشییەکانی پێست و جوانکاری، لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ کەناڵ هەشت گووتی "دەکرێت هەتاو ببێتەهۆی سووتانی پێست و ئەگەر بۆ ماوەیەکی زۆریش بەر پێست بکەوێت، دەکرێت ببێتەهۆی نەخۆشیی شێرپەنجە" بۆیە هاونیشتمانییان دەبێت ئاگاداربن لەم مەترسییە و ئەو رێگەیانە بگرنەبەر کە دەیانپارێزێت لە هەتاو.

پزیشکەکە ئاماژەی بەوەدا کە یەکێک لە باشترین رێگەکان بۆ پاراستنی پێست لە تیشکە زیانبەخشەکانی هەتاو، دژەخۆرە. دەبێت هەرکەسێک رۆژانە لە ماڵەوە و لە کاتی چوونەدەریشدا، دژەخۆر بۆ ئەو شوێنانەی جەستەی کە هەتاویان بەردەکەوێت، بەکاربهێنێت؛ "بەڵام لە کاتی چوونەدەردا لانیکەم هەموو دووکاتژمێر جارێک نوێبکرێتەوە". ئەوەشی زیادکرد کە "دژەخۆر بەرگریی %100 دژی خۆر ناکات، سەرەڕای بەکارهێنانی ئەم بەرهەمەش، دەبێت هاونیشتمانییان ئاگاداربن لە مانەوە بۆ ماوەیەکی زۆر لەبەر هەتاو"

د. شێرکۆ وەیس، لە لێدوانە تایبەتەکەیدا بۆ کەناڵ8، هۆشداریدا سەبارەت بەو جۆرانەی دژەخۆر کە لەسەریان نووسراوە بۆ ماوەی 24 کاتژمێر کاردەکەن و گووتی "ئەمە تەنیا فێڵێکی کۆمپانیاکانە و هیچ راستییەکی تێدا نییە، هیچ دژەخۆرێک نییە بۆ ماوەی 24 کاتژمێر بمێنێتەوە"

هەروەها سەبارەت بەو کەسانەی لە حاڵەتی سووتان بە خۆردا ماست و هەویری ددان بۆ پێستیان بەکاردەهێنن، د. دانا گووتی ئەم کارە "سوود بە پێست ناگەیەنێت و بگرە لەوانەیە زیانیشی هەبێت، لەجێگەی ئەوە کرێمی تایبەتی شێدارکەرەوە، بۆنموونە ئەڵۆڤێرا بەکاربهێنرێت"